یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان ڕەخنە لە ڕەوتی جێبەجێكردنی چاكسازی دەگرێت

“خه‌ڵك خه‌ریكه‌ متمانه‌ی به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی‌ نامێنێت”

یه‌كێتیی په‌رله‌مانتارانی كوردستان هۆشداریی به‌ حكومه‌تی هه‌رێم دەدات‌ و دەڵێت، “خه‌ڵك خه‌ریكه‌ متمانه‌ی به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی‌ نامێنێت و ناڕه‌زایەتییەكانیش له‌زیادبووندان”، بە پێویستیشی دەزانێت سیستمی بایۆمه‌تری بخرێته‌كار و دوو موچه‌كان ببڕدرێن‌.

یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، كه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه،‌ ئاماژەی بەوەكردووە، “له‌سۆنگه‌ی بڕوابوون به‌مافی یاسایی هاوڵاتییان، ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ ده‌نگی هه‌موو ئه‌وانه‌ی داواده‌كه‌ن به‌زوویی یاسای چاكسازی پیاده‌بكرێت ‌و داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كبخرێن‌، چیتر مه‌جال به‌هیچ كه‌س ‌و لایه‌نێك نه‌درێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان ئه‌و داهات‌ و ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌كاربێنن”.

بەپێویستیشی دەزانن، “پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری بخرێته‌گه‌ڕ و بنه‌بڕی دوو موچه‌ و زیاتر بكرێت‌ و ئه‌وه‌ی شیاوی موچه‌ی دیاریكراوی خۆی نه‌بێت، پێویسته‌ ڕێكاره‌ دارایی ‌و یاساییه‌كان به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامبدرێت”.

یەكێتییەكە داواشیكردوه‌، “هیچ كه‌س و لایه‌نێك داهاتێكی نایاسایی بۆ نه‌چێت، داهاته‌كان بخرێنه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان‌ و پرۆسه‌ی چاكسازیش ماوه‌یه‌كی زۆری به‌سه‌رداچووه‌ و چیتر دوانه‌خرێت، ئه‌نجامی وردبینییه‌كان له‌هه‌موو بواره‌كاندا سوودیان لێوه‌ربگیرێت و گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجامبدرێت”.

بابەتی پێشتر

سزای نەبەستنی پێوەری ئاو كەمكرایەوە

بابەتی دواتر

هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ شاندێكی باڵای بەریتانیا كۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share