حكومەتی هەرێم كرێی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی كەمكردەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری كەمكردنەوەی کرێی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەکانی دەركرد و بەپێی بڕیارەکەش بەرزترین نرخی کرێی ئاو بۆ یەک مانگ 45 هەزار دینار دەبێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتەكەیانەوە ڕێنماییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی هەمواركردەوە و، بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەپێی بڕیارەکە بەرزترین ئاستی كرێی ئاو نابێت لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، ئەگەر هاوبەشێكی ئاویش بۆ چەند مانگێك بڕێكی زۆر پارەی بۆ هاتبێتەوە، لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا هەر مانگی 45 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بەجۆرێك ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بەگوێرەی پێوەرەكەی مانگی 100 هەزار دیناریش ئاوی سەرف كردبێت، تەنیا 45 هەزار دینار دەدات”.

وەزارەتی شارەوانی ڕونیشیكردووەتەوە، سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانیش، ئەگەر هاوبەشێك بڕی 400 هەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ هاتبێتەوە، ئێستا لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا مانگی تەنیا 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو چوار سەد هەزار دینارە قەرزە، تەنیا 180 هەزار دینار دەداتەوە بە حكومەت.

وەزارەتەكە جەخت لەسەر بەستنی پێوەری ئاو و سزادانی ئەو كەسانە دەكاتەوە كە پێوەری ئاویان نەبەستووە و دەشڵێت، ئەگەر هاوڵاتییەك پێوەری ئاو ببەستێت لە قازانجی خۆیەتی، بۆ نموونە: ئەوكات بەگوێرەی پێوەرەكە پارە دەدات، ئەگەر مانگی بە بڕی 10 هەزار دینار ئاوی سەرف كردبێت، هەر ئەوەندەی بۆ هەژماردەكرێت، بەڵام ئەگەر هەمان هاوڵاتی مانگانە بەگوێرەی هەمان پێوەر، بای سەد هەزاری سەرف كردبێت، تەنیا 45 هەزارەكە دەدات، لەو حاڵەتەدا هاوڵاتی چەند جار قازانج دەكات.

بابەتی پێشتر

مینحەی مانگانەی 639 زیندانی سیاسی پەسەندكرا

بابەتی دواتر

هەواڵی پەسەندكردنی سزای چالاكوانانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە ڕەتدەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share