وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم ڕایگەیاند، لەسەر ئەرکی حکومەت مزگەوتی گەورەی سلێمانی نۆژەندەکرێتەوە و کەموکورتییەکانی چارەسەر دەکرێن.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لە دوای سەردانی بۆ مزگەوتی گەورەی سلێمانی ڕایگەیاند، “مزگەوتی گەورە سیمبولی کوردستان و سلێمانیە، بەشێکە لە مێژووی دێرین و شارستانییەتمان، مەڵبەندی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری بووە، مزگەوتی گەورە لانەیە بۆ ئەوانەی ڕووی تێدەکەن، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ نۆژەندەکرێتەوە و کەموکوریەکانی چارەسەر دەکرێن”.
دروستکەری مزگەوتی گەورەی سلێمانی ئیبراهیم پاشاى بابان بووە، کە بونیادنەری شارى سلێمانیش بووە، گەورەترین و بەناوبانگترین مزگەوتی سلێمانییە، یەکەم مامۆستاى ئەم مزگەوتە شێخ مارفى نۆدێ بووە، پاش کاک ئەحمەدی شێخ، سەید غەوسە و شێخ محێدینی سەید غەوسە وتاربێژی مزگەوتەكە بوون.
لە سەردەمی کاک ئەحمەدی شێخدا، حاجی مەلا عەزیزی دێلێژەیی کراوە بە واعیز، لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمردا شوێنی کڵپەسەندنی جۆشى نیشتمانپەروەریی بووە، تەرمی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحمودی نەمر لە مزگەوتی گەورە نێژراون، گۆڕى پاشاکانی بابانیش هەر لەوێیە.
مزگەوتی گەورە یەکەم مزگەوت بووە نوێژى هەینی تێداکراوە، یەکەم منارە لە سلێمانی لەم مزگەوتەدا دروستکراوە لە ساڵى 1308ى کۆچى لەسەر بڕیارى سوڵتانی عوسمانی سوڵتان عەبدولحەمید، لە ساڵى 1998 دا لەسەر ئەرکی جەلال تاڵەبانی مەرقەدی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحمودی نەمر نۆژەنكرایەوە و گومەزێكی جوان و قەشەنگی بۆ دروستکرا.