بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت، یەكێتی لەهەناوی كرێكاران و ڕەنجدەرانەوە گەشەیكردووە، بۆیە پاڵپشتی و داكۆكیكردن لە ماف و داوا ڕەوا و یاساییەكانیان بە ئەركی خۆمان دەزانین.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “یادی ئەو كرێكارە ماندوونەناس و دڵسۆزانە دەكەینەوە، كە ڕۆڵێكی گرنگ و بونیادنەرانەیان بینیووە لە دروستكردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستانە خۆشەویستەكەمان”.
بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەناوی كرێكاران و ڕەنجدەرانەوە گەشەیكردووە، بۆیە پاڵپشتی و داكۆكیكردن لە ماف و داوا ڕەوا و یاساییەكانیان بە ئەركی خۆمان دەزانین و بەرامبەر ڕۆڵی گرنگ و مێژووییان وەفادار دەبین”.
ئاماژە بەوەشدەكات، بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی لە چەند ساڵی رابردوودا بەسەر كوردستاندا هات، كرێكاران بە ژیانێكی قورس و ناهەمواردا تێپەڕین، بەڵێنی خۆمان دووپاتدەكەینەوە لە هەوڵەكانمان بەردەوامبین لەپێناو دەستەبەركردنی گوزەرانێكی باشتر و ژیانێكی شایستەتر بۆ كرێكارانی خۆشەویستی كوردستان.