بڕیارە سبەی 12ی تشرینی یەکەم سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کۆببنەوە و میواندارییش بۆ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق نێردراوە کە بەشداریی کۆبونەوەکە بکات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراقدا چەند پرسێکی سیاسی و ئەمنی و دارایی و تەندروستی تاووتوێ دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقدا، پرسەکانی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد و پرسی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی عێراق و هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکارییەکانی ئەوکاتی عێراق تاووتوێکران، بەتایبەت دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، کە چاوەڕێدەکرا عێراق دۆخێکی ئاڵۆزی ئەمنی تێبپەڕێنێت.