كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتاییهات، وتەبێژی حكومەت ڕایگەیاند، حكومەت پابەندە بە دابەشكردنی موچە لە 25ی مانگدا و بڕیارە هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم ئامادەبكرێت.
پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی، “یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر هەولێر بوو، دابینكردنی ئاسایش لەكارە لەپێشینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هەموو هەوڵێك دەدریت بۆ ڕێگریكردن لەو هێرشانە”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند، “خستنەڕووی هێڵە گشتییەكانی ڕەشنووسی بودجەی گشتیی هەرێم بۆ ساڵی 2021 تاوتوێكرا، وەزارەتەكانی دارایی و پلاندان داهات و خەرجیییەكانیان خستەڕوو و گفتوگۆكرا، لە هەفتەی داهاتوودا بە تەواوی پرۆژەكە ئامادەدەكرێت و هەموو ئەگەرەكان لەبەرچاو دەگیرێن”.
جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشكرد، “سەبارەت بە موچە و لێبڕین، تائیستا ئەو پرسە یەكلانەبووەتەوە، لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەو بابەتە دەخرێتەڕوو، بەڵام بڕیارێك دەدرێت لە بەرژوەندیی خەڵك بێت، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم”.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ڕایگەیاند، “پابەندین بە بەڵێنی خۆمانەوە لەبارەی دابەشكردنی موچە لە 25ی مانگ، لەبارەی لێبڕینیشەوە دەبێت ڕەچاوی پلانی دارایی بكرێت”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكراشیكرد، كۆمەڵێك پرۆژەیاسا خرانەڕوو و دەنگیان لەسەر درا” لەوانە، “پرۆژەیاسای ماف و ئیمتیازی كەمئەندامان، پرۆژەیاسای بەركاركردنی یاسای ڕەسمیی پول، پەیڕەوی ڕێكخستنەوەی پاسەوانی پەسەند كرا و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.
سەبارەت بە دەوامی فەرمانگەكان، جوتیار عادل وتی، “هەندێك بیرۆكە خرانەڕوو، ئێمە لە دەوامی هەندێك لە فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی گلەییمان هەیە، داوامانكردووە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “بڕیارە بەمنزیكانە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە، پرسی خوێندن تاوتوێ دەكرێت، دەمانەوێت كارێك بكەین خوێندنی ئەمساڵی خوێندكارانمان نەفەوتێت”.
بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد و بودجەی گشتیی عێراق، بڕیارە بەم نزیكانە شاندی حكومەتی هەرێم بچێتەوە بەغداد، وەك وتەبێژی حكومەت ئاماژەی پێكرد.