سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

بڕیارە سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامبدات و تیایدا هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و ئامادەكردنی بودجەی هەرێم تاوتوێدەكرێت.

بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆببێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویكردەوە، گرنگترین ئەو تەوەرانەی باسیان لێوە دەکرێت خستنەڕووی دواپێشھاتەکانی بواری ئەمنی لە ھەرێمی کوردستان و ھێرشەکانی ئەمدواییەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و ڕەوشی لێکۆڵینەوە و ھەڵوێستی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە، ھەروەھا خستنەڕووی ھێڵەگشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 لە بوارەکانی داهات، خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و کورتهێنان دەبێت.

شەوی چوارشەممەی ڕابردوو 14ی نیسان هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر ڕویدا، دوابەدوای هێرشەكەش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە.

هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی شوباتی ڕابردوودا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم بنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تائێستا نەنێردراوە و لەنێوان وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان و ئەنجومەنی وەزیراندا ماوەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەرمی چوار پەنابەری كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێم دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەت تەرمی ئەو چوار پەنابەرە كوردەی ڕۆژئاوای كوردستان دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان…
Total
0
Share