سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكدا كە بۆ سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانی ناردووە داوایكردووە، نێردەكەی لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكایەتیی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ههریهکه له وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان چەند داواکاریییەکى ئاڕاستەی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی کردووە.
ئەوەش خراوتەڕوو، لە نامەکەدا سەرۆكی هەرێم داوا دەکات نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتی جێبەجێکردنی مادەی 140ى دەستوور و کێشەی نەوت و دابەشکردنی داھات.
هەروەها سەرۆكی هەرێم، پشتگیری لە داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵى عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ زیاترکردنی ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە باشی و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوەبچێت.
نێچیرڤان بارزانى داواشی كردووە، لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەربارەی عێراق، پشتگیریی فەرمیی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵى عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بودجە و دانوستان لەسەر تەواوى پرسە ھەڵپەسێردراوەکان، وەك سەرۆكایەتیی هەرێم ئاماژەی پێكردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە خاڵیکى دیکەى نامەکەیدا داوای هاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی زیاتر دەکات بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان لەنێو کامپەکاندا.