لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا پرسی دادگاییكردنی پێنج دەستگیركراوەكەی بادینان جێی مشتومڕە، ئاسایشی هەولێر دۆسیەی نۆ دەستگیرکراوی دیكەی بادینانی ئاڕاستەی دادگا کرد، “بەهەمان تۆمەتی ئەوانی پێشووتر دادگایی دەکرێن”.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەشدار حەسەن پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان لەبەردەم دادگای هەولێر ڕایگەیاند، ئاسایش دۆسیەی 9 چالاکوانی دیكەی بادینانی ناردووە بۆ دادگا، بەڵام ناونیشانی ئەو چالاکوانانەی گۆڕیوە بۆ کاسبکار و بەهەمان یاسا و ماددەی چالاکوانەکانی دیكە دادگایی دەکرێن، کە بریتیە لە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی هەرێم. وتیشی، ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەم چالاکوانانەش تۆمارکراوە.
بەشدار حەسەن ئەوەشی وت، “ڕۆژی دادگایی دیارنییە، بەڵام پێدەچێت لەمانگی داهاتوو دادگایی بکرێن، تاکو ئێستاش لە دادگا دۆسیەی ئەو چالاکوانانە نەدراوەتە دەستی پارێزەران”.
سەبارەت بە دۆسیەی پێنج سزادراوەکەی دیكە، پارێزەرەكە ئاشكرایكرد، “دادگای تەمیز هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە و بڕیاری کۆتایی نەدراوە، تاکو ئێستاش ئاسایش ڕێگەنادات سەردانیان بکەین، کە پێچەوانەی ڕێکارە یاساییەکانە”.
دوێنێ بەشدار حەسەن، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان لە دەستەی دادگەری دوو لە بەردەم ئەندامانی دەستەكەیە و هێشتا هیچ بڕیارێكی نوێ دەرنەچووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت پاش دەرچوونی سزای پێنج لە بەندكراوان هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) لە 16ی شوباتی ڕابردوو، لەلایەن پارێزەرانیانەوە داوای پێداچوونەوە (تەممیز)ی بڕیارەكە كرا.
بڕیاریشە پاش پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا، دەستەكە بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات، وەك ئەوەی بەشدار حەسەن ئاماژەی پێدا.
ئاشكراشیكرد، “پێشتر داوایەكمان پێشكەشكرد بۆ ئەوەی پێداچوونەوەكە بدرێتە دەستەیەكی فراوانتر، بەڵام وەڵامی داواكارییەكەمان نەدراوەتەوە”.