كۆشكی سپی ئەمریكا دەستپێكردنەوەی وتوێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە ڤییەنا-ی پایتەختی نەمسا رادەگەیەنێت.
جین بساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسان وتی، ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران وتوێژە ناڕاستەوخۆكان كە ئامانج لێی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە رۆژی پێنجشەممە لە ڤییەنا دەستپێدەكەنەوە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران وتەیەكی ئاراستەی وتوێژكارانی وڵاتەكەی و بەشداربووانی گفتوگۆكانی ڤییەنا كرد و وتی، پێویستە وتوێژەكان لەگەڵ ڕۆژئاوا نەبێتە هۆی بەهەدەردان و لەدەستدانی تواناكانیان.
دوپاتیشیكردەوە، پێویستە وتوێژكاران هۆشیاربن لەوەی گفتوگۆكان درێژەنەكێشێت، چونكە ئەوە زیان بە ئێران دەگەیەنێت.
خامنەیی وتیشی، پێویستە ئەمریكا سەرەتا سزاكان لاببات، ئەوكات ئەوانیش ئەركەكانیان لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ دەكەن.
هەفتەی رابردوو گفتوگۆكانی نێوان ئێران و وڵاتانی واژووكاری رێككەوتنی ئەتۆمی بەڕێوەچوو، بەشداربووان بە “بونیادنەرانە” بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكەی ساڵی 2005 ناویانبرد، كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ساڵی 2018 لێی كشایەوە و رایگەیاند، ناوەرۆكەكەی لە بەرژەوەندی تارانە.
س: ئاژانسەكان