پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندووە، شەش كەس بە تۆمەتی هێرشكردنە سەر هاوڵاتییەك دەستگیركران.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندووە، “شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان چەند كەسێكدا ڕویدا و بەهۆیەوە یەكێك لە تۆمەتباران تەقەی بەسەر هاوڵاتییەكدا كرد”.
پۆلیس ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار، توانرا چوار لەو تۆمەتبارانە دەستگیربكرێن و لەژێر گوشاری پۆلیسدا دوو تۆمەتبارەكەی تریشیان خۆی ڕادەستی بنكەی ناوبراو كرد”.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، “تۆمەتبارەكان لە دایكبووی ساڵەكانی 1994، 1993، 1994، 1994، 1995 و 1995ن و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405-31 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵنەوە لەگەڵیان بەردەوامە”.
لەگەڵ دەستگیركردنی ئەو كەسانە، دەستیش بەسەر ئەو دەمانچەیەدا گیراوە كە تەقەی پێكراوە.