پەرلەمانتارێك: سیستمە نوێیەكەی هەرێم بۆ دابەشكردنی موچە مەترسیدارە

پەرلەمانتارێكی كورد سیستمی دابەشكردنی موچە لە هەرێم بە “مەترسیدارتر” لە پاشەكەوت ناودەبات و دەشڵێت، ڕەنگە حکومەتی هەرێم ئیدی چاوی لەوە نەبێ چاکسازی بکات و لیستی موچە پاكبكاتەوە.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 10ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، کاتێک ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێبرینی موچەی داهێنا سەرەتا وتی بۆ مانگێکە، بەڵام نەک مانگێک نەبو بەڵکو داهێنانێکی تری کرد لە سیستمی دابەشکردنی موچەدا کە زۆر لە سیستمی پاشەکەوت مەترسیدارترە ئەویش ئەوەیە؛ (موچە دابەشدەکەین بە گوێرەی ئەو پارەیەی لەبەردەستماندایە).

ئەو پەرلەمانتارە لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویشیەتی، “ئەوەی ئەم سیستمە نوێیەی حکومەتی هەرێم مەترسیدارتر دەکات ئەوەیە، ئیدی رەنگە چاویان لەوە نەبێ چاکسازی بکەن! ناچار نابن لیستی موچە پاک بکەنەوە، یان داهاتی نەوت و ناوخۆ شەفاف بکەن، چیتر ئەوانەیان پێویست نیە، چونکە براندویانەتەوە چەندیان لەبەردەست بو ئەوەندە دابەش دەکەن، کە لە راستیدا بریتی نیە لەوەی چەندیان لەبەردەستدا بو بەڵکو راستیەکەی ئەوەیە چەندیان لێمایەوە ئەوە دابەش دەکەن”.

دەبارەی دواكەوتنی موچەی مانگی ڕابردووش لە عێراق هۆشیار عەبدوڵا ئەوەی خستوەتەڕوو، دواخستنی موچەی مانگی پێشو کە هۆکارەکانی سیاسیی و هونەرین زیاتر، فشارێکی زۆری سیاسیی و جەماوەری لەسەر کازمییە، بە رادەیەک ناچار بو بە فەرمی رایبگەیەنێت کە مانگەکانی داهاتوو دواکەوتنی دابەشکردنی موچە روناداتەوە.

چوارشەممەی ڕابردوو 7ی تشرینی یەكەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە کرا لەبەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن لەگەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد ڕێکاریی کارگێڕیی و دارایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر.

دەربارەی ئەو بڕگەیەی ڕاگەیەنراوەكە پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەمەودوا بەغداد پارە بۆ مانگی چەند دەنێرێت، دەبێت حكومەتی هەرێمیش پەیوەست بێت بەو مانگەی كە حكومەتی عێراق دیاریكردووە”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەمەش واتە ئەگەر حكومەتی ناوەند بودجەی بۆ مانگی 9 نارد، دەبێت حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە دابەشكردنی موچەی ئەو مانگە، نەك موچەی مانگی چوار یان پێنج، بەمەش پێویستە هەرێم گۆڕانكاری لە موچەی دابەشكراوی مانگانەدا بكات.

بابەتی پێشتر

بەهۆی ڕوداوێكی هاتوچۆوە لە ڕێگای كەلار-دەربەندیخان ژنێك گیانی لەدەستدا

بابەتی دواتر

دوو ساختەكاری دۆلار لە هەولێر دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share