قوباد تاڵەبانی: خۆشحاڵین بازرگانان ڕوویان لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كردووە

لەكاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی ستراتیژی لە دەڤەری ڕاپەڕین، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “خۆشحاڵین بازرگانان ڕوویان لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كردووە كە ئەوە مژدەی ئابورییەكی بەهێزە”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان، لەكاتی دانانی بەردی بناغەی كارگەری شەكری بیتوێن ڕایگەیاند، “ئەم پرۆژەیە هاوتایە لەگەڵ ڕوئیای من بۆ ئابورییەكی بەهێز، حكومەت بە تەنها ناتوانێت هەموو كارێك بكات و باشیش نییە هەموو كارێك بكات، بەڵكو دەبێت حكومەت دەرفەت بۆ كەرتی تایبەت بڕەخسێنێت كاری لەمجۆرە ئەنجام بدات”.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “خۆشحاڵین بازرگانان ڕوویان لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كردووە، كە مژدەی ئابورییەكی بەهێز و گەشەسەندمان دەداتێ”.

لەبارەی كارگەكەوە، قوباد تاڵەبانی ئاشكرایكرد، “ئەم پرۆژەیە، 8 هەزار هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دروست دەكات، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێك دەباتە پێشەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە حكومەتی هەرێم بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لەم پرۆژەیە دەكەین، پرۆژە و پلانی دیكەمان هەیە و خەریكین بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوشێوەیەی ئەمەین لەگەڵ وەبەرهێنەراندا”.

“ڕاستە كوردستان خاكێكی بەپیت و بەبەرەكەتی هەیە بۆ كشتوكاڵ، بەڵام دەبێت ڕەچاوی پێوەرە زانستییەكان بكەین، ئەم پرۆژەیە پێویستی بە ئاوێكی زۆر دەبێت، بۆیە دەبێت وریابین لە بەكارهێنانی ئاودا و ڕەچاوی سیستمێكی باشی ئاودێری بكەین بۆ ئەوەی ئاو بە فیڕۆ نەدرێت”، وەك قوباد تاڵەبانی ئاماژەی پێكرد.

كۆمپانیای ئابورلاند لەبارەی كارگەی شەكری بیتوێنەوە ڕایگەیاندووە، كارگەكە دەتوانێت 5 هەزار تۆن چەوەندەر لە جوتیاران وەربگرێت و ڕۆژانەس 500 بۆ 600 تۆن شەكر بەرهەمبهێنێت.

بودجەی پرۆژەكە 114 ملیۆن دۆلارە.

بەگوێرەی ئامارێكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، لە ساڵی 2019دا 140 هەزار تۆن شەكری سپی هاوردەی هەرێم كراوە.

بابەتی پێشتر

دابەشكردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە

بابەتی دواتر

هەرێم.. زیاتر لە هەزار كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share