یاسای بودجە لەلایەن سەرۆككۆمارەوە پەسەندكرا

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق

سەرۆككۆماری عێراق یاسای بودجەی ساڵی 2021ی پەسەندكرد و لە وتەیەكیشدا جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی مادەكانی دەكاتەوە.

سایتی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی ئەمساڵی پەسەندكرد.

لە وتەیەكیشدا بەو بۆنەیەوە بەرهەم ساڵح وتی، پەسەندكردنەكە بۆ زامنكردنی پێداویستییەكانی ڕۆڵەكانی گەل و، دابینكردنی موچەی فەرمانبەر و خانەنشینان و خەرجییە پێویستەكانی حكومەتە بەجۆرێك ببێتەهۆی هێنانەدی دادی كۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم ناوچەكانی عێراق و كۆی توێژەكانی كۆمەڵگا.

سەرۆككۆمار جەختیشی لەسەر پێویستی چاكسازی دارایی و ئابوری و پشتیوانیكردنی كەرتە ئابورییە جیاوازەكان كردەوە بەجۆرێك ببێتەهۆی پشتیوانی ئامانجی پەرەپێدان و بەرەوپێشەوەچوون.

دوێنێ سەرچاوەیەك لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی كۆمار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سەرۆککۆمار یاسای بودجەی 2021ی پەسەندکرد و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کرد، بەڵام بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆككۆمار پەسەندكردنەكە لەمڕۆدا بووە نەك دوێنێ، لەو ڕوەوە تۆڕی میدیایی ئێستا داوای لێبوردن لە خوێنەرانی دەكات.

ڕۆژی سێشەممە بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە.

وتیشی، “چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆککۆمار یاساکە پەسەندبکات، دواتر یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

پاش زیاتر لە حەوت كاتژمێر كۆبوونەوە چوارشەممەی ڕابردوو 31ی ئازار ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسەندكرد.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ملیۆنان ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەگاتە عێراق

بابەتی دواتر

فەرمی.. ناوبژیوانی کلاسیکۆ دیاریکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share