تەندروستیی هەرێم ئاماری كۆرۆنای بڵاوكردەوە، لە 24 كاتژمێردا زیاتر لە هەزار كەس لە هەرێم تووشی كۆرۆنا بوون و 13 كەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەرزترین ڕێژەی توشبوونە لە ساڵی 2021دا.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی پەتای كۆرۆنا، ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسان، ڕایگەیاند، “لە هەرێمی كوردستان هەزار و 14 كەسی نوێ تووشی كۆرۆنا بوون، زۆرترین ژمارەی توشبوونیش لە پارێزگای هەولێر بووە كە 345 كەس توشبوون”.
لەبارەی مردن بە كۆرۆنا وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئاشكرایكردووە، “لەو ماوەیەدا 13 كەس لە هەرێمی كوردستان بە پەتای كۆرۆنا مردوون، حەوت كەسیان لە هەولێر و دوو كەس لە سلێمانی و سێ كەسیش لە دهۆك و یەكێكیش لە گەرمیان بووە”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ماوەی 24 كاتژمێردا چاكبوونەتەوە، بریتین لە 374 كەس.
پێشتر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسان سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا لە هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە قۆناغێكی مەترسیدارداین و ژمارەكان وردە وردە بەرەو زیادبوون دەڕوات.
وتیشی، “ئەمڕۆ گەورەترین تۆماركراومان هەیە، بەراود بە سەرەتای شەپۆلی دووەم، ژمارەكانیش بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەچێت”.
ئاسۆ حەوێزی داواشیكرد هەمووان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و وتی، “ئێستا پێویستمان بە هەموو لایەكە، بەتایبەت هاونیشتیمانیان لە پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تەندروستی”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕونیشیكردەوە، ئەمڕۆ ڕێژەی توشبوون زۆر بەرزە، بەهەمان شێوە ژمارەی مردنیش بەرزە.