هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێکمان لەپێناو ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەراندایە بۆ کۆمەڵانی خەڵک و دەشڵێت، مێژووی یەکێتی ناکەینە قوربانی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئازار وتی، “ئێمە لەگەڵ یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی هێز و لایەنەکانین و بڕوامان بە کاری هاوبەش هەیە لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان”.
وتیشی، “مێژووی یەکێتی لێوڕێژە لە قوربانیدان بۆ ئەم خاکە، بۆیە ئەو مێژووە پڕ لە شانازییە ناکەینە قوربانی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی و هەموو هەوڵێکمان لەپێناو ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەراندایە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان”.
ئەو وتانەی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینە دانەبڕاوەکانی حزبەكەی.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، ستایشی مێژووی زێڕین و درەوشاوەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینە دانەبڕاوەکانی کرد و ڕایگەیاند، ئەزموونی ئەمڕۆمان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانە. سەرۆکایەتی یەکێتی بە چاوی ڕێز و شکۆمەندییەوە لەو خەباتە دەڕوانێت و وەفادار دەبێت بەرامبەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەوان لەپێناو کورد و کوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەک چۆن پێشمەرگەکانمان لە ڕابردوودا سەرمەشقی شۆڕش و کوردایەتی بوون، ئێستاش دەبێت بە هەمان ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕانەوە پێکەوە دەست لەناو دەست خەبات بکەین لە پێناو سەرخستنی ئەم ئەزموونە و کوردستان بگەیەنینە قۆناغێکی باشتر و خۆشگوزەرانتر.