پەرلەمانتارێك پێیوایە ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت یاسای بودجە لەمیانەی تەنها دانیشتنێكدا تێپەڕێنێت، بەهۆی ئەو پرسە ناكۆكانەی تائێستا ماون و وتوێژیان لەسەرە.
محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئازار وتی، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 ژمارەیەك مادەی زۆر لەخۆدەگرێت و تێپەڕاندنی لە تەنها دانیشتنێكدا ئەستەمە، بەتایبەت بەهۆی بوونی هەندێك ناكۆكی دەربارەی مادەكانی.
میدیا عێراقییەكان لەسەر زاری ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشیان وت، “كرۆكی ناكۆكییەكان لە بودجەدا پەیوەندی بە مادەی 11ەوە هەیە كە تایبەتە بە هەناردەی نەوت و ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم دەربارەی ئەو داهاتەی پێویستە ڕادەستی بكات”.
ئەوەشی خستەڕوو، هەڵوێستی سیاسیی جۆراوجۆر دەربارەی دەنگدان لەسەر یاساكە هەیە، هەروەك فشاری سیاسیی پەرلەمانی هەیە لەپێناو هەنگاونان و چارەسەری ناكۆكییەكان.
دوای ڕێككەوتنەكەی ئێوارەی هەینی نێوان شاندی باڵای حكومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە مادەی 11ی بودجە كە پەیوەندیدارە بە ماف و پابەندییەكانی هەرێم، بڕیاربوو پێشنیوەڕۆی شەممە 20ی ئازار دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە ئەنجامبدرێت، بەڵام جارێكی دیكە دروستبوونی ناكۆكی لەسەر هەندێك بڕگەی مادەكە و خواستی هەندێك لە فراكسیۆنەكان، بووە هۆی ئەوەی دەنگدان لەسەر یاساكە بۆ شەممەی داهاتوو دوابخرێت.
دوابەدوای دواخستنی دانیشتنەكە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “كورد كێشە نییە لە پرۆسەكە، ڕێككەوتنی نێوان شاندی هەرێم و شیعەكان هەڵنەوەشاوەتەوە، واژووكراوە و تەواوبووە و مۆری لیژنەی دارایی لێدراوە”.
لای خۆیەوە سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، شاندی حكومەتی ھەرێم ڕێككەوتنی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدا و دواتر ئەو ڕێككەوتنە لە لیژنەی دارایی پەسەندكرا و ئێستاش چاوەڕێین ئەو دەقە لەگەڵ کۆی یاساکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ھەفتەی داھاتوو پەسەندبكرێت.
ئەوەشی وت، “ھەفتەی داھاتوو پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە شاندی حكومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە بەغداد و درێژە بە ھەوڵەكانی دەدات بۆ تێپەڕاندی ئەو دەقەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق”.