لیژنەی دارایی: دانیشتنی پەرلەمان لە چاوەڕوانی هاتنی پەرلەمانتاران و تەواوكردنی نیسابدایە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی دەڵێت، پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەكەیانەوە ئامادەكردنی تەواو بووە و ڕونیشیدەكاتەوە، دانیشتنی ئەنجومەن تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەكە لە چاوەڕوانی هاتنی پەرلەمانتاران و تەواوكردنی نیسابدایە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 20ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئیستای وت، بۆ دەستپێكردنی دانیشتنی ئەنجومەن تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 چاوەڕوانی هاتنی پەرلەمانتاران و تەواوكردنی نیسابی یاسایی دەكەین.

وتیشی، “دەقی پرۆژەیاساكە لەلایەن لیژنەی داراییەوە تەواو بووە و نێردراوە بۆ چاوپیاخشاندنەوە و چاپكردن و هیچ كێشە و ئاستەنگێك لەبەردەم دەقەكەیدا نەماوە”.

شیروان میرزا ئەوەشی خستەڕوو، دانیشتنەكە لە وادەی خۆی دواكەوتووە، بەڵام هیچ بڕیارێك (تائێستا) لەبارەی دواخستنیەوە نییە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیاربوو كاتژمێر 10ی پێش نیوەڕۆ تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە بەڕێوەبچێت، دواكەوت.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دەقی تایبەت بە پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و تەنها ئەوەندە ماوە دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێندرێت.

وتیشی، “ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئێوارەی دوێنێ ئەو دەقەی وەك جێگرەوەی دەقەكەی پێشووی حكومەت بە هاوبەشی بەشێك لە پەرلەمانتاران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نوسیمانەوە، لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنەوە پەسەندكرا”.

سەمیر هەورامی ئەوەشی دوپاتكردەوە، ئەو دەقە نوێیە هیچ گرفتێكی لەسەر نەماوە و بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ بڕگەكانی دیكەی بودجە دەنگی لەسەر بدرێت.

هاوكات ڕێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی هیوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، چەند بنەمایەكمان داناوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، لەوانە دەستوری بێت و ماف و موچەی خەڵكی تیا دابینبكرێت، هەروەها قابیلی جێبەجێكردن بێت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا وەك هاوپەیمانی هیوا دەنگ بە پرۆژەیاساكە دەدەن، ڕێبوار كەریم ئەوەی خستەڕوو، كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدەن و لەو كۆبوونەوەیەدا دوابڕیاری هاوپەیمانییەكەیان یەكلادەكەنەوە.

دەربارەی ڕێككەوتنەكەی شەوی ڕابردووی نێوان شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی و گۆڕینی ناوەرۆكی مادەی 11ی تایبەت بە هەرێم ئەو پەرلەمانتارە وتی، “بەپێی ئەو ڕێككەوتنە بێت حکومەتی هەرێم دەتوانێت هەموو مانگێک بەبێ لێبڕین موچە دابەشبکات”.

بابەتی پێشتر

چوار مانگ دوای مردنی حکومەتی ئیتاڵیا لە مارادۆنا خۆشبوو

بابەتی دواتر

بە واژووی ئەردۆغان تورکیا لە ڕێکەوتنامەی ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان هاتە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share