توشبوونەكەی فریای نەكەوت.. ترەمپ بەرامبەر بایدن پاشەكشەی كرد

پاڵێوراوی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا جارێكی تر پێش دۆناڵد ترەمپ كەوت، ئەوەش بەپێی دوایین ڕاپرسی كە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردووەتەوە.

بەپێی ڕاپرسییەكە كە لەلایەن ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) و تۆڕی (ئێن بی سی نیوز)ی ئەمریكی بڵاویانكردووتەوە جۆ بایدن-ی پاڵێوراوی دیموكراتەكان بە ڕێژەی 14% لەپێش دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا و پاڵێوراوی كۆمارییەكاندایە.

بەپێی ڕاپرسییەكی دیكەش، توشبوونی ترەمپ بە كۆرۆنا نەبووەتە هۆی زیادبوونی ئاستی جەماوەرییەكەی.

ڕاپرسی یەكەمیان لە دوو ڕۆژی پاش مێزگردەكەی ڕۆژی سێشەممە 29ی ئەیلول ئەنجامدرا، واتە بەر لەوەی توشبوونی ترەمپ بە كۆرۆنا دەربكەوێت.

بەپێی بلۆمبێرگ، بایدن لە ڕاپرسی نیشتیمانییدا 53%ی بەدەستهێناوە لە بەرامبەر 39% بۆ ترەمپ، كە پێشتر و لە تەموزی ڕابردوودا جیاوازی نێوانیان 11% بوو.

لەلایەكی ترەوە ڕاپرسییەك كە بەكەمتر زانستی دادەنرێت و لەڕێی ئینتەرنێتەوە (رۆیتەرز/ ئاپسۆس) لە 2 و 3ی تشرینی یەكەمدا ئەنجامیانداوە، نەبوونی هاوسۆزی بۆ ترەمپ دەردەكەوێت و 9 كەس لە كۆی 10ی دیموكراتییەكان و 8 لە كۆی 10ی كۆمارییەكان دەڵێن سەرۆك دەیتوانی خۆی لە توشبوون بە نەخۆشییەكە بپارێزێت.

لەو ڕاپرسییەدا 51%ی بەشداربووان پشتیوانیی خۆیان بۆ بایدن و 41%یان پشتیوانییان بۆ ترەمپ نیشانداوە و 4%یشیان دەنگیان بۆ پاڵێوراوی حزبی سێیەم بووە و 4%ەكەی دیكەش هێشتا بڕیاریان نەداوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی كۆرۆناوە هۆشداری دەدات

بابەتی دواتر

حکومەت بڕیاری لەسەر بودجەیەکی تایبەت بۆ قەزای سۆران دا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share