كۆماری قەرەباغ ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، هێزەكانیان فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لە شاری كنجە-ی باشووری ئازەربایجان وێرانكردووە و هەڕەشەی بۆردومانكردنی مۆڵگەیەكی سەربازی تریش لەو گەورە شارە دەكات.
ئەرایك هاروتیونیان، سەرۆككۆماری قەرەباغ لە لێدوانێكدا بەرپرسیارێتی بەئامانجگرتنی دانیشتوانی شاری ستیباناكرت-ی پایتەختی هەرێمەكەی خستە ئەستۆی ئازەربایجان، بە بەكارهێنانی موشەكی جۆراوجۆر سەرەڕای هۆشدارییەكان لەوبارەیەوە. سەرۆككۆماری قەرەباغ كە یەكلایەنانە وەك كۆمارێكی سەربەخۆ ڕاگەیەندراوە ئەوەشی وت، “لەئێستادا مۆڵگە سەربازییە هەمیشەییەكان لە شارە گەورەكانی ئازەربایجان لەبەردەم ئامانجی سوپاكەماندان، داوا لە دانیشتوانی ئازەربایجان دەكەم بەخێرایی ئەو شارانە جێبهێڵن بۆ ڕێگری لە ڕودانی زیانی گیانی، سەركردایەتیی سەربازیی ئازەربایجان بەرپرسیارێتی هەموو ئەوانەی لەئەستۆدایە”. لەكاتێكی پێشتردا سەرۆكی هەرێمەكە ئاشكرایكرد كە ژمارەیەك موشەك ئاڕاستەی شاری كنجە لە باشووری ئازەربایجان كراون (دووەم گەورە شاری ئەو وڵاتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە) و دووپاتیشیكردەوە كە فەرمانیكردووە بە وەستاندنی هێرشەكان بۆ سەر شارەكە بە مەبەستی دوورخستنەوەی زیان لەنێو هاوڵاتییانی مەدەنی. دوابەدوای ئەو هۆشدارییە ئازەربایجان ڕایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی قەرەباغ لە هێرشێكدا كراوەتە ئامانج، بەڵام وتەبێژ بەناوی هەرێمەكە هەواڵەكەی ڕەتكردەوە و بە ناڕاست ناویبرد. ڕۆژی یەكشەممە 27ی ئەیلول-ی ڕابردوو، شەڕی قورسی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستیپێكرد و تائێستا درێژەی هەیە.
|
09/10/20