وتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا جەختدەكاتەوە كە دەستپێشخەریی هێرشكردن لە دەست هێزی بەرگریی “مقاوەمە”دایە و هەڕەشە لە “هەموو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق” و دەوڵەتی سعودیە دەكات.
نەسڕ شمەری، وتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا كە یەكێكە لە گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، “دوای كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس، ملیۆنان كەس تووڕەن و بەهۆی ئاسانیی دەستگەیشتن بە جۆرەها چەك، دوور نییە گەنجانی عێراق هێرش نەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بە باڵیۆزخانەكەشییەوە.”
شمەری لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “فارس” ڕایگەیاندووە، “هەموو جارێك مقاوەمەی ئیسلامی ئەوەی سەلماندووە كە دەستپێشخەری لەدەستی ئەودایە و توانایەكی زۆری هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەكانی داگیركەر و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق.”
ئەو كاربەدەستەی حەشد هەڕەشە دەكات و دەڵێت، “هێرشەكانی ماوەی ڕابردوومان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، سەرەتایەكن و هیچ بەرژەوەندی و پێگەیەكی داگیركەر (ئەمریكا) لەدەستمان دەرناچێت و بەدەر نابێت لە هێرش تا ئەو كاتەی دوایین سەربازی داگیركەر لە خاكی پیرۆزییەكانی دەكشێتەوە.”
وتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشە لە سعودیە دەكات و جەختدەكاتەوە كە “مقاوەمە بەڵێنی داوە شەڕ بباتە ناوخۆی ئەو وڵاتانەی كە هەناردەكاری تیرۆر و تەكفیرن بۆ عێراق و تاوانەكانیان بەبێ سزا تێناپەڕن.”
مەبەست لەو هێرشانەی وتەبێژەكەی نوجەبا باسیان دەكات كە بەمدواییانە ئەنجامیان داون، هێرشەكانی چەند گرووپێكی حەشدی شەعبی-ن بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا لە هەولێر و بەغداد و ئەنبار و چەند ناوچەیەكی تری عێراق.