نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاووهەوا دەڵێت، كۆبوونەوەی لوتكەی ئەمساڵی نەتەوەیەكگرتووەكان دواهەمین و باشترین هیوایە لەبەردەم جیهاندا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كێشەی ژینگە و ئاووهەوا.
جۆن كیری، نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاووهەوا ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئازار لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ بارەگای یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل كاتی ئەنجامدانی لوتكەكەی بە گونجاو و گرێدانیشی بە باشترین هەل و هیوا ناوبرد بۆ یەكگرتنی جیهان و پشتگیریكردنی ڕێككەوتنی پاریس-ی ساڵی 2015 تایبەت بە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا.
بەپێی ڕێككەوتنەكە نزیكەی 200 وڵات پابەندی خۆیان نیشانداوە بە وەستاندنی زیادبوونی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە جیهاندا بۆ ئاستێك كە ئەگەری كاریگەری دژواری گۆڕانی ئاووهەوا كەمبكاتەوە.
كیری ئەوەشی خستەڕوو، ئەوروپییەكان باشترین هاوبەشی وڵاتەكەین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گرفتی ئاووهەوا.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كار لەسەر توێژینەوەیەكی زانستی دەكات، وەك ئەوەی نێردەكەی ئاماژەی پێدا، بەوەی دەیەی داهاتوو (لەنێوان 2020-2030) ماوەی گونجاوە بۆ كاركردن لەسەر گرفتی ڕاستەقینەی ئاووهەوا.
سەردانەكە لەكاتێكدایە ئەوروپی و ئەمریكییەكان هەوڵ بۆ هەماهەنگی و ئامادەكاریی گرێدانی كۆبوونەوەی لوتكەی گلاسكۆ تایبەت بە ئاووهەوا دەدەن كە بڕیارە لە سەرەتای تشرینی دووەمی داهاتوو گرێبدرێت بۆ بونیادنانەوەی ڕێككەوتنی پاریس پاش ئەوەی ئەمریكا لە سایەی دەسەڵاتی ئێستای جۆ بایدن-ی سەرۆكدا گەڕانەوەی بۆ ڕێككەوتنەكە ڕاگەیاند.