ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، چوار كەسیان دەستگیر كردووە كە چەكدار بوون و بڕیاری دەستگیركردنیان هەبووە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئازار بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاندووە، “لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتییان و دەست بەسەردا گرتنی چەکی بێمۆڵەتدا، هێزەکانمان لە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی چوار کەسیان دەستگیرکرد”.
سەبارەت بە وردەكاریی دەستگیركردنی ئەو چوار كەسە، ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاشكرایكردووە، “دوو تۆمەتباریان بە ناوەكانی (س.م.ص) و (ھ.م.ص) کە دانیشتوی شارۆچکەی بەردەقارەمانن و دووانی دیكەشیان (س.خ.ک) و (ش.ل.ک) دانیشتوی ناحییەی تەکیەی کاکەمەندن و لە نزیک چێشتخانەی هەریاد لە تەکیەی کاکەمەند دەستگیرکراون”.
ئاسایش ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەپێی مادەی (21)ی چەک ئەو كەسانە ڕاگیراون و سەرجەم چەک و ئۆتۆمبێل و کەرەستەکانیان دەستیان بەسەردا گیراوە”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “یەکێک لە تۆمەتبارەکان كە ناوی (س.خ.ک)ە بە مادەی (14)ی هۆشبەریش داواکراو بووە”.