ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سیستانی و پاپای ڤاتیکان لەسەر کۆبوونەوەکەی نێوانیان

دوای کۆبوونەوەی نێوان پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، نوسینگەی سیستانی ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە قەیرانی دارایی و کۆچ و توندوتیژی لە عێراق کرد.

لە ڕاگەیەندراوی نوسینگەی عەلی سیستانیدا هاتووە، “لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو تەحەدیانە کرا کە ڕوبەڕووی مرۆڤایەتیی بووەتەوە، هەروەها باسیان لە زوڵم، ڕق و کینە و هەژاری و ململانێی دینی و فیکری، سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان و نەبوونی دادگەریی کۆمەڵایەتیی کرد”.

ئاماژە بەوەشکراوە سیستانی باسی لە ئەو نەهامەتی و شەڕ و تەندوتیژی و کۆچکردن و زۆردارییە کرد کە ڕوبەڕووی گەلی عێراق و گەلی فەلەستین دەبێتەوە لەسەر خاکی خۆیان.

هەروەها مەرجەعی باڵای شیعەکان لە گفتوگۆیدا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان باسی لە ڕۆڵی سەرکردە ئاینییەکان کرد لە کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتی و ناکۆکییانەدا، لەو نێوەندەشدا  لە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان و زلهێزەکان ئاگاداربکرێنەوە کە دەبێت ڕێگە بەوەبدەن حوکمی لۆژیک سەربکەوێت و لە زمانی جەنگ دووربکەونەوە.

سیستانی بە پاپا فرانسیسی ڕاگەیاندووە جەختدەکاتەوە لەوەی کە گرنگی بە ژیانی کریستیانەکان دەدات وەک هەموو هاوڵاتییەکی دیکەی عێراقی تاوەکو بە ئاشتی و ئاسایش بژین و بە سەرجەم مافە دەستورییەکانیان بگەن.

لەلایەکی دیکەوە ڤاتیکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “پاپا فرانسیس لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی کە نزیکەی کاتژمێرێک بەردەوام بوو جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی هاوکاری و پەیوەندیی باشی نێوان ئاینەکان لەڕێگەی ڕێزگرتنی بیروباوەڕی یەکتر و لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەپێناو چاکەی عێراق و ناوچەکە و هەموو مرۆڤایەتیی لە جیهاندا”.

ڕاگەیەندراوەکەی ڤاتیکان دەڵێت، “دیدارەکە دەرفەتی بۆ پاپا ڕەخساند تاوەکو سوپاسی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان بکات کە دەنگی خۆی بەرزکردەوە لەدژی توندوتیژی و بارگرانییەکانی سەر عێراق لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا و گرنگیدان بە یەکگرتوویی گەلی عێراق”.

بەیانی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس بە فڕۆکەیەک لە بەغدادی پایتەختەوە گەیشتە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە ماڵەکەیدا کۆبووەوە و دیدارەکەیان دوور لە چاوی میدیاکان نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عێراق.. تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە دەیویست زیاتر لە 10 ملیۆن دیناری ساختە ساغبکاتەوە

فەرماندەیی هێزە سنوورییەکانی عێراق دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە دەیویست پارەی ساختە لە بازاڕەکاندا ساغبکاتەوە. لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی هێزە…
Total
0
Share