لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆمبێكی چێندراو بە هێزەكانی عێراقدا تەقییەوە و بەهۆیەوە ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان گیانی لەدەستدا، لە پارێزگای كەركوكیش هێزی ئاسمانیی عێراق ژمارەیەك هێرشی بۆ سەر داعش ئەنجامدا.
سەرچاوەیەكەی ئەمنی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئازار، بە بەشێك لە میدیاكانی عێراقی وتووە، “بۆمبێكی چێندراو بە هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە پارێزگای سەڵاحەدین تەقییەوە، بەهۆیەوە ئەندامێكی ئەو هێزە گیانی لەدەستدا”.
لەلایەكی دیكەوە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، “ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی و پلانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، فڕۆكە ئێف-16ەكانی سوپای عێراق زنجیرەك هێرشی ئەنجامداوە لە سنووری نێوان سەڵاحەدین و كەركوك”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “فڕۆكە عێراقییەكان 10 هێرشیان ئەنجامداوە، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك تیرۆریست كوژراون و چەندین مۆڵگەی داعشیش بۆردوومان كراون”.
گوڵاڵە.. داعش بە قەناس هێرشی كردە سەر سوپای عێراق
لە دەوروبەری ناحییەی گوڵاڵە بە “چەكی قەناس لەلایەن داعشەوە” هێرش كرایە سەر سوپای عێراق، سێ سەربازی عێرقی بریندار بوون.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئازار، كاتژمێر هەشتی بەیانی، لەكاتی پشكنین و پاككردنەوەی چەند ناوچەیەكی دەوروبەری ناحییەی گوڵاڵە لەلایەن سوپای عێراقەوە، چەكدارانی داعش بە چەكی قەناس هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق.
لەو هێرشەدا سێ سەربازی سەربە سوپای عێراق برینداربوون، یەكێك لە سەربازەكان گولەی قەناس بەر دەموچاوی كەوتووە و برینەكەی سەختە.
لە ئێستادا سوپای عێراق لە هەوڵی پاككردنەوەی ناوچەكانی دەوروبەری ناحییەی گوڵاڵەیە لە چەكدارانی داعش و دەستی بە لابردنی دار و باخەكانی ئەو ناوچەیە كردووە.
ئەو تیمەی هێرشكراوەتە سەریان، پێشڕەوییان كردووە بۆ ئەوەی ناوچەكە بپشكنن.
لە ئێستادا بریندارەكان براونەتە نەخۆشخانەی ناحییەی گوڵاڵە بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بكرێت.
فەڕەنسا: داعش بە بەهێزییەوە لە عێراق دەركەوتووەتەوە
فەڕەنسا داوادەكات هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەپەلە كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات، “سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق” هۆكاری داواكارییەكەی فەڕەنسایە.
جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە بەردەم لیژنەی كاروباری دەرەوە لە كۆمەڵەی نیشتمانیی فەڕەنسی ڕایگەیاندووە، “تێبینی بارودۆخی عێراقمان كردووە، داعش بە بەهێزییەوە سەری هەڵداوەتەوە”.
ئەو وەزیرە فەڕەنسییە ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەم بارودۆخەی دەسەڵاتداریی عێراق وامان لێدەكات، داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بكەین، دووبارە كۆببێتەوە بۆ پاڵپشتی لە سەروەری عێراق و سەقامگیریی ئەو وڵاتە”.
ئەو داوایەی فەڕەنسا لە كاتێكدایە ماوەیەكی دوورودرێژە هاوپەیمانیەتییەكە كۆبوونەوەی ئەنجامنەداوە، وەك وەزیرە فەڕەنسییەكە ئاشكرایكردووە و ئەوەشی وتووە، “پێویستە هاوپەیمانییەكە بەپەلە كۆببێتەوە”.
هێرشە موشەكییەكانیش مەترسییەكی دیكەن لەسەر ئاسایشی عێراق
لەلایەكی دیكەوە بەیانیی ئەمڕۆ، ژمارەیەك موشەك ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانیی “عەین ئەسەد” كران لە پارێزگای ئەنبار.
بەگوێرەی هەواڵی چەند میدیاییەكی عێراقی كە پشتیان بە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی بەستووە، بەیانیی ئەمڕۆ چەند موشەكێك ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانیی “عەین ئەسەد” كران لە ئەنبار.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی كە میدیای فەرمیی حكومەتی عێراقە لە هەواڵێكی بەپەلەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ژمارەی ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد كراون 10 موشەكن”.
ئەو بنكە ئاسمانییەی لە ئەنبار بە ئامانج كراوە، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ شەڕی داعشی تێدایە و تا ئێستا زیانەكانی هێرشەكەش ئاشكرا نەكراون.
سەبارەت بەو هێرشانە، واین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە تویتەر نوسیویەتی، “نزیكی كاتژمێر 7:20 خولەكی ئەم بەیانییە، 10 موشەك بنكەی سەربازیی عێراقیی بنكەی عەین ئەسەدیان كردە ئامانج، كە هێزەكانی هاوپەیمانان لەوێدان”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “هێزە عێراقییەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن، هەر زانیارییەك هەبێت دەیخەینەڕوو”.
ادين بشدة الهجمات الصاروخية صباح اليوم على قاعدة عين الاسد والتي تضم قوات للتحالف الدولي. ان قوات التحالف موجودة في العراق لمحاربة داعش بدعوة من الحكومة العراقية. ان هذه الهجمات الارهابية تقوض القتال ضد داعش وتزعزع استقرار العراق.
— Stephen Hickey (@sblhickey) March 3, 2021
ئەو هێرشە موشەكییانە كاردانەوەیان بەدوادا هات، باڵیۆزی بەڕیتانیا لە بەغداد لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، “بە توندیی سەركۆنەی هێرشە موشەكییەكانی ئەم بەیانییە دەكەم بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد، كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێدایە، هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراقن بۆ شەڕی داعش لەسەر داوای حكومەتی عێراق، ئەم هێرشە تیرۆریستییانە شەڕی دژ بە داعش لاواز دەكات و سەقامگیریی عێراق تێكدەدات”.
سەبارەت بەو هێرشە موشەكییانە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو سەكۆیەیان دۆزیوەتەوە كە موشەكەكانی لێوە ئاڕاستە كراون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانی و مادی بەدوادا نەهاتووە.