بەڕێوبەرایەتیی ڕۆژئاوای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار ڕایگەیاند کە داعشێکیان لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستگیرکردووە کە پێشتر بەیعەتی بە داعش داوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، “تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە لە ساڵی 2014 لە پارێزگای سەلاحەدین و قەزای بێجی پەیوەندییکردووە بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و بەیعەتی پێداون”.
ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو تۆمەتبارە ناوی (م. ص. م. م)ە و لەبەرواری 27/2/2021 دەستگیرکراوە”.
بەپێی راگەیەنراوەکەی ئاسایش، ئەو تۆمەتبارە دوای بەیعەتدانی بە داعش لە ساڵی 2015دا دەڕواتە سوریا و لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا بەردەوام دەبێت، لە مانگی شوباتی 2021 دەگەڕێتەوە عێراق و لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێ دەبێت و لە 27ی شوبات دێتە سلێمانی و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیردەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە ئەو تۆمەتبارە لە نەتەوەی عەرەبە و سەربە عەشیرەتی دلێمییە و خێزاندارە و خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (2) ی تێرۆر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.