وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكاندا بەردەوام دەبێت و دەشڵێت، ڕێكارەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تونددەكرێتەوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئازار بەشێك لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای ئاشكراكرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، پڕۆسەی خوێندن لەناو ناوەندەكاندا بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕێكارەكان توندتر دەكرێن.
ئەوەشی وت، لیژنهی باڵا بڕیاریداوە لەسەر توندتركردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بەمەبەستی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە و پابهندكردنی سهرجهم هاوڵاتیان به ڕێنماییهكان.
جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ڕێكارە نوێیانە تا 10ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ئەوكات جارێكی دیكە لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و ئهگهر مهترسی زیاتر بێت بژاردهی ڕاگرتنی خوێندن دێته ئاراوه.
ئاشكراشیكرد، لە چوارچێوەی ڕێكارە نوێیەكاندا لە كاتژمێر 12:00-ی شەو تا 06:00-ی بەیانی شوێنە گشتییەکان دادەخرێن و هەر لایەنێك پابەندنەبێت سزادەدرێت.
وتەبێژی حكومەت داواشی لە هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد، هاوکاری حکومەتی هەرێم بن و کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەنەبەن و ڕەچاوی دۆخی تەندروستی بكەن.
هەروەك لەبارەی هاتنی ڤاکسینی کۆرۆناوە وتی، بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان كە لەلایەن وڵاتی چین-ەوە دابینكراوە و دابەشکردنیشی بەپێی پلانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت.
وتەبێژی فەرمی حكومەت ڕەتیشیكردەوە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ڕێكارەكانەوە هەڵوەشابێتەوە.