سەرۆك فراكسیۆنێك: كورد پێشنیارەكانمانی بۆ چارەسەری كێشەی پشكی هەرێم ڕەتكردەوە

ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستان

سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر ڕایدەگەیەنێت، فراكسیۆنەكەیان چەند پێشنیارێكیان خستووەتەڕوو بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداد و هەولێر دەربارەی پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجە، دوپاتیشیدەكاتەوە، “كورد ئەو پێشنیارانەیان ڕەتكردوەتەوە”.

حەسەن شاكر كەعبی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی شوبات وتی، ژمارەیەك پێشنیارمان پێشكەش بە كورد كرد لەپێناو چارەسەری كێشەكەیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، لەوانە هەناردەی نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ، لەسەر ئەو بنەمایەی ڕێكخراوی ئۆپیك كار لەسەر كەمكردنەوەی پشكی عێراق دەكات لە هەناردەكردندا لەهەر پرۆسەیەكدا كە تیایدا هەناردەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە ئەنجامدەدرێت، هەروەها داوامان لێكردن پابەندبن بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغداد، بەڵام ڕەتیانكردەوە.

شاكر، لە لێدوانێكی بۆ سایتی بەغداد لیەوم وتیشی، “لە پێشنیارێكی دیكەدا، داوامان لێكردن سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم ڕادەستی حكومەتی بەغداد بكەن لە بەرامبەر دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت و هەندێك لە وڵاتان لەسەر هەرێم، بەڵام بەهەمان شێوە ڕەزامەندییان نەدا”.

باسی لەوەشكرد، “پێشنیاری سێیەم داوامان لێكردن پاڵاوگەكانی نەوت و دۆزینەوە نوێیەكانی نەوت ڕادەستی بەغداد بكەن، بەڵام وتیان دەستوور دەڵێت پاڵاوگەكان بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێن، بەهۆیەوە بودجە تا ئەمڕۆ پەكیكەوتووە و كاریگەری لەسەر سەرجەم عێراقییەكان دروستكردووە”.

پێشتر شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەهۆی دواكەوتنی ڕێككەوتن لەسەر بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێم، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە تائێستا بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان و پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021دا یەكلانەبوونەوە و دەنگدان بە پرۆژەكەش چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دەكات.

پێشتر نزیكەی 15 جار شاندی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كردووە بەمەبەستی چە‌سپاندنی ڕێككە‌وتنی مانگی 12ی 2020ی نێوان حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكومە‌تی فیدڕاڵ،‌ لە‌سە‌ر پڕۆژەیاسای بودجە‌دا كە‌ تیایدا پشكی ھە‌رێم بە 12.67٪‏ دیاریكراوە.

بەپێی ڕەشنوسی پرۆژەكە بودجەی عێراق بە 164 ترلیۆن دینار دیاریكرابوو، بەڵام لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ 130 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە و بەهۆیەوە كورتهێنانی بودجەش لە 70 ترلیۆنەوە بۆ 29 ترلیۆن دابەزیووە.

پشكی هەرێم كە پێشتر 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار بوو بەهەمان شێوە کەمدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ڕوونی دیارینەکراوە.

بابەتی پێشتر

وەزیری تەندروستیی هەرێم وادەی گەیشتنی یەكەم كاروانی ڤاكسین ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

جۆ بایدن: هێرشەکانی سەر سوریا وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە لە عێراق و هەولێر کرایە سەرمان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەیامێك لە قوباد تاڵەبانی-یەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پەیامێكی بەبۆنەی جەژنی قیامەوە بڵاوكردەوە پیرۆزبایی لە كریستیانەكان دەكات. لە پەیامەكەی…
Total
0
Share