هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەتایبەت لە بنكەی سەربازیی (بەلەد) وەك ئەوەی كەناڵی (فۆكس نیوز) لەسەر زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردوەتەوە.
سەرچاوەكان بۆ كەناڵەكەیان ئاشكراكردووە كە چالاكییە پێویستەكان لە بنكەی بەلەد لە كاتژمێر 06:30ی ئێوارە تا 05:00ی بەیانی بەكاتی ناوخۆیی ڕێگەپێدراوە، لەگەڵ سەپاندنی پۆشینی هۆكاری خۆپارێزی بۆ هەر كەسێك بچێتە دەرەوەی بینا پارێزراوەكانی بنكەكە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی (فۆكس نیوز) ئەم دۆخ و ڕێوشوێنە بۆ چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت و هاوشێوەی ڕێوشوێنێكی خۆپارێزییە، پشتبەست بە دۆخی مەیدانی ئێستا.
بنكە سەربازییەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەفتەی ڕابردوو ڕوبەڕووی هێرشێكی موشەكی بووەوە و، ئەمریكاش هێزە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانی بە ئەنجامدەری تۆمەتبار كرد.
شەوی پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكان چەند هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر چەند ئامانجێك لە سوریا ئەنجامدا و وتی، بەئامانجگیراوەكان شوێنی گروپە چەكدارییەكانی هاوپەیمانی ئێران بوون.
هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ترسیان لە ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرشەكەی سەر سوریا هەیە، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەی (فۆكس نیوز)دا هاتووە.