دەسەڵاتدارانی توركیا كچێكی ئێزدی-یان ئازادكرد كە لەلایەن ژمارەیەك چەكداری داعش دەستبەسەربوو، بەپێی پۆلیسی توركیا ئازادكردنەكەی پاش دەستگیركردنی دوو ئەندامی ڕێكخراوەكە بووە لە ئەنقەرە.
دەسەڵاتدارانی توركیا ڕۆژی چوارشەممە 24ی شوبات دوو ئەندامی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لە ئەنقەرە لەمیانەی پڕۆسەیەكی هاوبەشی پۆلیس و دەزگای هەواڵگریدا دەستگیركرد و كچێكی ئێزدی-شی ئازادكرد كە لەلایەن ئەو كەسانەوە دەستبەسەركرابوو.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی دۆغان، دەستگیركراوەكان وەك “دوو بەرپرسی گەورە”ی داعش لە عێراق خۆیان ناساندووە.
كچەكەش، كە تەمەنی حەوت ساڵانە، لەلایەن یەكێك لە گومانلێكراوەكانەوە لە عێراقەوە ڕفێندراوە و گەیەندراوەتە توركیا. بەپێی ئاژانسەكە دواتر منداڵەكە گوازراوەتەوە بۆ خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی خێزانی توركیا.
ئێزدییەكان گەورەترین قوربانیانی دەستی داعش بوون كە لەماوەی نێوان ساڵانی 2014 تا 2019 دەسەڵاتی خۆیان بەسەر بەشێك لە ناوچەكانی عێراق و سوریادا سەپاند.
زۆرێك لە پیاوانی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی گروپەكەوە كوژران و بەكۆمەڵ ژێرخاك نران، ژنان و كچان-یشیان ڕفێندران و بە سەبایە و كەنیزە كران، تەنها تۆمەتەكەشیان هەڵگرتنی بیروباوەڕ و ئاینێكی جیاواز لە ئیسلام بوو.
تائێستا بە هەزاران كچ و ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە، لەكاتێكدا ناوبەناو كچ و منداڵەكانیان لە سوریا و توركیا و شوێنەكانی دیكە دەدۆزرێنەوە.