ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات ڕایگەیاند کە ئەوەی ماوە لە بودجەدا کێشەی پشکی کوردە و ئەگەری هەیە ئەویش لە 48 کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئەحمەدی حاجی ڕەشید ڕایگەیاند، “ئەو بابەتانەی ماوەتەوە لە بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا پەیوەستە بە بابەتەکانی پشکی هەرێمی کوردستان”.
وتیشی، “تاوەکو ئێستا کورد نازانین پشکی کورد بەوجۆرەی هەیە تێدەپەڕێنرێت یاخود بە پێشنیاری دیکە پڕدەکرێتەوە و ڕێکدەکەون”.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ڕاشیگەیاند، ئەگەری هەیە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، بەمەش ئەگەری هەیە لە پێنجشەممەدا پرۆژەیاساکە دەنگی لەسەر بدرێت یان بکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
ئاشکراشیکرد تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان سەبارەت بە پشکی کورد بەردەوامە بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر داڕشتنی کۆتایی ڕێکنەکەوتوون.
پێشتریش سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، هەیسەم جبوری ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق دەدرێت.