سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە ئاشکرایکرد، پارێزگاری هەڵەبجە و ئیدارەی شارەکە بڕیاریانداوە دوو کەس بۆ پاراستنی کێلی گۆڕەکانی شەهیدان دابنێن.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئیدارەی پارێزگا بڕیاریداوە کە بینایەک لە تەنیشتی کێلەکان بدات بە فەرمانگەیەک و ئەو فەرمانگەیە ئەرکی پاراستنی کێلەکانیش بگرنە ئەستۆ”.
سەرەتای ئەم مانگە بۆ جاری چوارەم کێلی گۆڕی شەهیدانی کیمیاییبارانی هەڵەبجە شکێندرا، بۆ جاری چوارەم زەنگی مەترسی بڵاوەکردنی ڕوفاتی شەهیدانی هەڵەبجە لێیدا، کەسوکاری شەهیدان هۆشداری دەدەن لەوەی شکانی گۆڕەکان بەردەوامبێت و نەپارێزرێت ئەوا ڕوفاتی شەهیدەکانیان دەبەنەوە ماڵی خۆیان و لە حەوشەی ماڵی خۆیان پارێزگاری لێدەکەن.
لەبارەی گواستنەوەی کێلی شەهیدانی هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر کێلە سمبولییەکان کە لە نزیک گۆڕە بەکۆمەڵەکەوە دانراون قورساییەکیان هەیە و ئەگەر کێلەکان بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە ئەوا ئەو قورساییەی نامێنێت، بۆیە بڕیاردراوە کێلەکان لە شوێنی خۆیان بهێڵدرێنەوە.