عێراقیش دەگرێتەوە.. وردەكاری پلانی بایدن بۆ وەرگرتنی كۆچبەران

بایدن سوورە لەسەر بەرزكردنەوەی ژمارەی ساڵانەی كۆچبەرانی وەرگیراو بۆ 125 هەزار

ئیدارەی نوێی ئەمریكا كار بۆ پێشوازیكردن لە 62500 كۆچبەر لەمساڵدا لەسەر خاكی وڵاتەكەی دەكات، دوای ئەوەی ئیدارەی پێشوو ژمارەكی كەمی پێوانەیی كۆچبەرانی تۆماركرد كە گەیشتە تەنها 15 هەزار.

بەپێی سێ سەرچاوە پێشبینی دەكرێت بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یاساداڕێژەرانی سەرەكی لە كۆنگرێس كۆببنەوە لەچوارچێوەی وتوێژە فەرمییەكان وەك بەشێكی سەرەكی لە پڕۆسەی دیاریكردنی ئاستی كۆچبەران.

بەپێی وتەی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار لە پلانەكەی بایدن، 22 هەزار كۆچبەر لە ئەفریقا، 13 هەزار لە باشووری ئاسیا، شەش هەزار لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، پێنج هەزار لە ئەمریكای لاتینی و ناوچەی دەریای كاریبی و، هەزارانی دیكە لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەند پەلكێشی وڵاتەكە دەكرێن، سەرەڕای 12500 كۆچبەری دیكە لەو شوێنانەی هێشتا یەكلانەكراونەتەوە.

بەپێی ئەو نامەیەی بایدن پێشكەشی كۆنگرێس-ی كردووە، ئاشكرایكردووە كە پێویستە پێشوازی لە كۆچبەران بكرێت لە زیاتر لە 12 وڵاتەوە كە دۆخی مرۆیی تیایاندا دژوارە، ئەم هەڵوێستەش بە تەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ترەمپ بەرامبەر كۆچبەران كە پێیوابوو هەڕەشەی ئەمنی و بارگرانی ئابوریین.

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا

لە 4ی ئەم مانگە جۆ بایدن وتی، سوورە لەسەر بەرزكردنەوەی ژمارەی ساڵانەی كۆچبەرانی وەرگیراو بۆ 125 هەزار لە ساڵی دارایی داهاتوودا كە لە 1ی تشرینی یەكەمی 2021 دەستپێدەكات.

پێشتر قبوڵكردنی داواكاری پەنابەری بە ئاستێكی بەرچاو كەمیكردبوو بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو كۆت و بەندانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی پێشوو سەپاندبووی.

عێراقیشی تیایە
ئەمریكا دەستیكردووە بە چاوخشاندنەوە بە بەرنامەی ڤیزای كۆچ تایبەت بەوانەی خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایان لە عێراق و ئەفغانستان كردووە.

پێشتر ئیدارەی ترەمپ چوار هەزار خواستی بۆ كۆچبەرانی عێراقی لە ساڵی 2020دا تەرخانكرد، لەكاتێكدا تەنها 537 داوا لەو ساڵەدا، كە لە 30ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو كۆتایی هات، جێبەجێكرد.

هەر بەپێی پلانەكە گرفتی كۆچبەرانی ژمارەیەك لە ناوچە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاودەگیرێن، لەوانە سوریا، كۆماری كۆنگۆ، موسوڵمانانی رۆهینگا لە میانمار، كەمینەی ئیگۆر لە چین و بەشێك لە چالاكوان و مافناسان لە هۆنگ كۆنگ، هەروەها ئەو كۆچبەرانەی لە (فەنزویلا، گواتیمالا، سلڤادۆر، هندۆراس و نیكاراگوا) ڕوو لە ئەمریكا دەكەن.

س: ڕۆیتەرز + ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

سەرۆككۆمار پێشوازیکرد لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران

بابەتی دواتر

سەدر هۆشداری لە دواخستنی هەڵبژاردن دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share