پێنج خاڵی ناكۆك لەنێوان بەغداد و هەولێر ڕێگرن لە بەردەم یەكلاكردنەوەی بودجەدا

ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستان

ئامادەكارییەكانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجە لە قۆناغی كۆتاییدایە و پێدەچێت كۆتایی ئەم هەفتەیە ئامادەی دەنگدان بكرێت، ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، پێنج خاڵی ناكۆك لەنێوان بەغداد و هەولێر ڕێگرن لەبەردەم یەكلاكردنەوەی یاساكەدا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوەكانی بەرەو خستنە دەنگدانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 نزیكدەبێتەوە، لە نوێترینیاندا لیژنەی دارایی ئەنجومەن ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی شوبات كۆبوونەوەی 42هەمینی خۆی تایبەت بە تاوتوێكردنی پرۆژەكە بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و وەزیرانی (دارایی، پلاندانان، نەوت، نیشتەجێكردن و ئاوەدانكردنەوە و ئەشغال) و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدا.

بەپێی وتەی سەرۆكی لیژنەكە لەماوەی ڕابردوودا لە پێنج میحوەری سەرەكییەوە كاریان لەسەر بودجە كردووە كە بریتییە لە كەمكردنەوەی كورتهێنان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان بەشێوەیەكی زانستی، سەرەڕای بەهێزكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان، بۆ ئەوەش 302 میواندارییان لەسەر ئاستە جیاوازەكان ئەنجامداوە.

لەئێستادا زۆرینەی بەندەكانی پرۆژەیاساكە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یەكلاكراونەتەوە، ئەوەی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە پشكی هەرێم لە بودجە و پابەندییەكانی هەرێمە لەڕووی ڕادەستكردنی نەوت و داهاتەكانەوە.

محەمەد عوسمان خالیدی، سەرۆكی كوتلەی (بیارق لخەیر) ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پێنج خاڵی ناكۆك لەنێوان بەغداد و هەولێر ڕێگرن لەبەردەم یەكلاكردنەوەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی، كە بەوتەی ئەو “بریتین لە موچە و شایستە داراییەكان و نەوت و گومرگ، سەرەڕای بوونی پێشنیارێك دەربارەی دامەزراندنی نوێنەرایەتی حكومەتی ناوەندی لە هەرێم بۆ چاودیری بەسەر دامەزراوەكان ئەمەش تائێستا خاڵی ناكۆكییە”.

وتیشی، “بودجەی 2021 لەم هەفتەیەدا یەكلانابێتەوە، بەهۆی ئەوەی كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان تائێستا بێ چارەسەر ماونەتەوە”.

“كێشەی دیكە هەیە دەربارەی مافی پارێزگاكان كە دەكرێت چارەسەر بكرێن، بەڵام دۆخەكە لەنێوان بەغداد و هەولێر جیاوازە، ئەگەر سازشی گەورە نەبێت بودجە تێناپەڕێت”، وەك ئەوەی محەمەد عوسمان ئاماژەی پێكرد و باسی لەوەشكرد، “هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی ئابوریی دژواردا تێدەپەڕێت ئەگەر بودجە بەبێ ڕەزامەندی كورد تێپەڕێت”.

بۆ یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم بڕیارە سبەی یان لە چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا جارێكی دیكە، كە پێدەچێت دوایین جار بێت، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد بكاتەوە و دوا كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدات، بەر لە خستنەڕووی پرۆژەیاساكە لەبەردەم هۆڵی پەرلەمان و دەنگدان لەسەری.

پێشتر بڵاوكرایەوە كە سەردانەكەی شاندەكە ئەمڕۆ دەبێت، بەڵام سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەمڕۆ شاندەكە ناچێتەوە بەغداد.

سەمیر هەورامی ڕونكردنەوەی زیاتری نەدا لەوەی ئایا سەردانەكە دەكەوێتە سبەی، یان ڕۆژانی داهاتوو.

قوباد تاڵەبانی: هیوادارین بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە ڕێككەوتنێك كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت

دوایین زانیاری لەبارەی دۆسیەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر زاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی عێراقی بوو كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە و تیایدا دەڵێت، هیوادارین بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە، ڕێككەوتنێك كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت، پرسەكە ئێستا لە دەستی پەرلەماندایە.

دەشڵێت، “گفتوگۆكانمان لە بەغداد ئەرێنی بوو، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و كوتلە سیاسییەكاندا بەردەوامە، ئێمە نزیكین لە دۆزینەوەی چارەسەرێك كە توانای جێبەجێكردنی هەبێت، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێك بەرەو بونیادنانی پردی پەیوەندی نێوان هەردوولا”.

جێگری سەرۆكوەزیران دوپاتیشیدەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە سەرجەم پابەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند جێبەجێ بكات، دەربارەی نەوت بێت كە دەكاتە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، یان تەنانەت سەرچاوە نانەوتییەكان لە دەروازەكانی هەرێم بەپێی یاسا بەركارەكان لەچوارچێوەی دەستور، بەڵام لە بەرامبەردا پێویستە مافەكانی هەرێمیش دەستەبەر بكرێت.

بابەتی پێشتر

فرۆشتن و ژمارەکردنی ئۆتۆمبیلی نوێ گۆڕانکاری بەسەردا هات

بابەتی دواتر

دوای کوشتنی کەسێکی عەرەبی دانیشتوی سلێمانی سێ کەس دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ساڵێك مۆڵەتیان داوەتە توركیا.. كەجەكە لەبارەی ئازادیی ئۆجالانەوە ڕەخنە لە هەڵوێستی ‏ئەوروپا دەگرێت

كۆمسیۆنی ئەوروپا لەبارەی ئۆجالان-ـەوە دەڵێت، “سزای هەتاهەتایی قورس لە تورکیا پێچەوانەی پێوانەکانی مافی مرۆڤی كۆمسیۆنی ئەوروپایە”، کەجەکەش ڕاگەیەندراوێکی…
Total
0
Share