لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر گۆڕانکاری لە بودجەدا لەگەڵ کازمی کۆدەبێتەوە

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد کە لیژنەکەیان ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی شوبات لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بڕیارە ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەش ئەنجام بدەن.

لەلێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، شیروان میرزا وتی، “وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمان سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا کردوومانە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمیدا کۆدەبینەوە و بەرچاوڕوونی و ڕونکردنەوە دەخەینە بەردەم حکومەت سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان”.

سەبارەت بە مەبەستی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد کە جۆرێکە لە لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەت و پەرلەمان چونکە ئێمە وەک لیژنەی دارایی کۆمەڵێک گۆڕانکارییمان لە پرۆژە یاسای بودجەدا کردووە کە دواتر دەچێتەوە بەردەستی حکومەت، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ خستنەڕووی مەبەست و ئامانجی گۆڕانکارییەکانە لە بودجەدا.

ئاشکراشیکرد، کۆبوونەوەکانی لیژنەکەیان بەردەوام دەبێت و لەگەڵ وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانانیش کۆدەبنەوە و هەر لایەن و وەزارەتێکی دیکەی حکومەت کە پەیوەندیداربێت بە بودجەوە ئەوان لەگەڵیاندا کۆدەبنەوە.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ گۆرانکارییەک لە پشکی هەرێمی کوردستاندا نەکراوە، پشکی هەرێم پێویستی بەڕێککەوتنە بەرلەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، دەبێت لەسەر فۆرمێک ڕێککەوتن بکرێت سەبارەت بە داهاتی هەرێم و ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا بۆیە تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەدا بەوجۆرەیە کە لەگەڵ حکومەتدا لەسەری ڕێککەوتوون.

لەلایەکی دیکەوە بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بۆ بابەتی داهاتەکانی هەرێم لە نەوت، دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان.

بابەتی پێشتر

عێراق.. "بانكی فەرمانبەران" بندیوار و دوو موچەكان ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share