عێراق.. “بانكی فەرمانبەران” بندیوار و دوو موچەكان ئاشكرادەكات

لەڕێگەی پرۆژەی “بانكی فەرمانبەران”ـەوە، عێراق كاردەكات بۆ ئاشكراكردنی بندیوارەكان و ئەوانەی زیاتر لە موچەیەكیان هەیە.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، مانگی حوزەیرانی داهاتووی وەك وادەیەك دیاریكردووە بۆ تەواوكردنی پرۆژەی “بانكی فەرمانبەران” بەمەبەستی زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران و ئاشكراكردنی بندیوار و دوو موچەكان.

ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی شوبات، ڕۆژنامەی سەباح كە زمانحاڵی حكومەتی عێراقە، لە زاری عەبدلزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانەوە بڵاویكردەوە، “ئەو وەزارەتە پرۆژەكەی دەستپێكردووە و بەردەوامە لە كاركردن تیایدا و هەوڵدەدات لە مانگی حوزەیراندا تەواوی بكات.”

بەگوێرەی زانیارییەكان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق چەندین تیمی گەڕۆكی لە دەزگای ناوەندیی ئامار پێكهێناوە، ئەو تیمانە سەردانی فەرمانگە و دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەن و تا ئێستا ناوی زیاتر لە دوو ملیۆن فەرمانبەر تۆماركراون.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاشكرایكرد، “ئامانج لە پرۆژەی بانكەكە و سەرژمێرییەكە، ئاشكراكردنی بندیوار و ئەو فەرمانبەرانەیە كە دوو موچە یاخود زیاتر وەردەگرن، هەروەها ماوەی خزمەت و ئاستی خوێندن و چەندین زانیاریی تر لەو ڕێگەیەوە وەردەگیرێن.”

پێشتر عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو، “زیاتر لە 10%ی فەرمانبەران بندیوار و خاوەنی دوو موچەن.”

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share