بڕیارە سبەی ناوەندەكانی خوێندن بكرێنەوە، پەروەردەی سلێمانیش ئاشكرایدەكات، خوێندنی ئەمساڵ لە 14ی كانونی یەكەم كۆتایی دێت و پاش شەش ڕۆژیش ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكاتەوە.
لای خۆشییەوە پەرلەمانی كوردستان، خوازیارە مامۆستایان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و “كارێك نەكەن زیان بە چارەنوسی خوێندكاران بگات”.
وردەكاریی خوێندنی ئەمساڵ
عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەمرۆ شەممە 6ی شوبات بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەدەر لە دەوامی باخچەكان، سبەی لە پۆلەكانی یەك تا 11 خوێندنیان لە سەرجەم ناوەندەكان دەستپێدەكاتەوە، لە سەرجەم خوێندنگا و قوتابخانەكاندا هەفتەی سێ ڕۆژ دەوام دەكرێت”.
ئەو بەرپرسەی پەروەردە ئەوەشی ئاشكراكرد، “ژمارەیەكی زۆر خوێندكارمان هەیە و بینای قوتابخانەمان زۆر كەمە، بڕیاری سێ ڕۆژەكەش بۆ ئەوەیە، ئەگەر خوێندنگایەك شەش پۆلی هەبێت، سێ پۆلی سێ ڕۆژ دەوام دەكەن و سێ پۆلەكەی دیكەش سێ ڕۆژی دیكە”.
سەبارەت بە دەوامی مامۆستایان، عومەر محەمەد ئەوەی خستەڕوو “مامۆستاكانیش مەرج نییە هەموو ڕۆژەكان دەوام بكەن، دەسەڵاتی چۆنیەتی ڕێكخستنەوەی دەوام و خشتەی وانەكان دراوە بە بەڕێوبەری پەروەردەكان و ئەوان ڕێكی دەخەن”.
نێوان كۆتاییهاتن و دەستپێكی خوێندنی دوو ساڵ تەنها شەش ڕۆژە
لەبارەی ڕۆژمێری خوێندنی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو، جێگری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، “پێشنیازەكە ئاوایە، وەرزی یەكەم دەخوێنین تا مانگی شەش و وەرزی دووەمیش تا 14ی 12ی ئەمساڵ دەخوێندرێت و لە 20ی 12یش ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكەین”.
“بەدەر لە پشووە ئایینییەكان و یەكەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز، پشووەكانی دیكە هەڵوەشێندراونەتەوە”، وەك عومەر محەمەد ئاماژەی پێكرد.
هەڕەشەی بایكۆتكردن دەكرێت
ژمارەیەك مامۆستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بە ناوی مامۆستایانی ناڕازییەوە بڵاویانكردەوە مەرجیان بۆ چوونەوە بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن دانا، دیارترین مەرجیشیان “پێدانی موچەیە 30 ڕۆژ جارێك و گەڕاندنەوەی پلەبەرزكردنەوە”.
سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر پرۆسەی خوێندن و بایكۆتی مامۆستایان، گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “وەك كەسێكی پەروەردەیی و وەك ئەوەی خوێندكارمان هەیە، پێویستە مامۆستایان بیر لە داهاتوو و چارەنوسی خوێندكاران و خوێندن بكەنەوە و كارێك نەكەن زیان بە خوێندكاران بگات”.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە لەگەڵ داواكانی مامۆستایانین و دەبێت ماف و شایستەكانیان پێبدرێت”.
سەبارەت بە كاتی كۆتاییهاتنی خوێندنی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، “جارێ زووە قسە لەسەر ڕۆژمێری دەوام بكەین، با وەرزی یەكەمی خوێندن تەواو بێت، بەڵام بە گشتی پێمانباشە بەمجۆر و لەم كاتەدا خوێندنگاكان دەكرێنەوە”.