بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی توێژینەوەیەکی زانستیی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە، کە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی سەردەمی پێش مێژوو لە ئەشکەوتی شانەدەر.
بەپێی ئەو توێژینەوە نوێیە، کە لە گۆڤاری زانستیی (Scientific Reports) بڵاوکراوەتەوە، کونێکی بازنەیی لە ئێسکی شانی (scapula) مرۆڤێکی نیاندەرتاڵدا دۆزراوەتەوە، که تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا و لە ئەشکەوتی شانەدەر بووە، (کە بە شانەدەر A ناسراوە)؛ ڕەنگە ئەمە کۆنترین بەڵگەی ناسراو بێت لەسەر توندوتیژیی نێوان مرۆڤەکان بە بەکارهێنانی ڕمی دارینی تیژکراو بە بەرد.
ئێسکی شانی ئەم نیاندەرتاڵە کە بەهۆی ژینگەی لەباری ئەشکەوتەکەوە لەژێر حەوت مەتر و نیو لە بەرد و خاشاکدا بە تەواوی پارێزراو بووە، کونێکی بازنەیی بە پانیی 15 ملیم پێوە دیارە، کە بە وتەی شوێنەوارناسان، لەلایەن ڕمێکی دارینی تیژکراوەوە پێکراوە، چونکە سەرەڕمی بەردین یان چەخماخە کونێکی گۆشەدار یان تەخت بەجێدەهێڵێت؛ توێژەران دەڵێن، ئەم لێدانە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ڕەنگە وەک تیرێکی مەبەستدار بەرەو دڵ ئاراستەکرابێت و بووبێتە هۆی مردنی خێرای ئەو مرۆڤە.
پاشماوەکانی ئەم مرۆڤە نیشانەی دیکەشی تێدایە؛ لەوانە شکان و لەتبوونی ددانێک لە دەموچاویدا که نیشانەی لێدانێکی سەختە، بەڵام لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر دوای ئەو برینە ژیاوە؛ لە توێژینەوەکەدا لەم بارەیەوە ئەوە باسکراوە، کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم مرۆڤە پێویستی بە چاودێری و پشتگیریی ئەندامانی تری کۆمەڵگەکەی هەبووە بۆ مانەوە لە ژیان، ئەوانیش یارمەتییان داوە، کە نیشاندەری بوونی هاوسۆزی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی قووڵە لەنێوان نیاندەرتاڵەکاندا.