کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان داوادەکات، هاوردەکردنی مریشکی بەستوو بەتەواوی قەدەغەبکرێت.
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “وەک لە هەمووان ئاشکرایە، کەرتی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئاسایشی خۆراک و سەرچاوەی بژێویی زیاتر لە 400 هەزار خێزان و هەزاران هەلی کارە؛ پاشەکشەیەکی مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو مایەپووچبوون و لەناوچوونی تەواوەتی دەچێت، بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشە نەپچڕاوەکان و بێدەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، داواکارین بەپەلە بەدەم ئەم کەرتە ئابوورییە گرنگەوە بێن”.
ڕاشیگەیاندووە، ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 150 هەزار تۆن گۆشتی مریشک هەیە، لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی کێڵگە ناوخۆییەکان زیاترە لە 400 هەزار تۆن؛ سەرەڕای ئەم توانایە، کێڵگەکان کەوتوونەتە ژێر بارگرانی و زیانی دارایی زۆر قورسەوە.
داواکارییەکانی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان:
1- ڕاگرتنی بەخشینی مۆڵەتی نوێ: بە هەموو شێوەیەک بەخشینی مۆڵەتی نوێ بۆ دروستکردنی کێڵگەی پەلەوەری ڕابگیرێت، چونکە بەرهەمی ئێستای ناوخۆ زۆر زیاترە لە پێداویستیی بازاڕ.
2- قەدەغەکردنی هێنانی مریشکی بەستوو: هاوردەکردنی مریشکی بەستووی دەرەکی بڕبڕەی پشتی ئابووریی ناوخۆی شکاندووە و زیانی تەندروستیشی هەیە؛ داواکارین بە ڕەسمی هاوردەکردنی بەستوو ڕابگیرێت.
3- پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی: سەرجەم وەزارەتەکان، هۆتێل، ڕێستۆرانت، مارکێت و خواردنگەکان پابەند بكرێن بە بەکارهێنانی تەنیا بەرهەمی مریشکی زیندووی ناوخۆ.
4- دابینکردنی بازاڕی شایستە: حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا نەیتوانیوە بازاڕی پێویست یان دەرفەتی هەناردەکردن بۆ بەرهەمی ناوخۆ دابینبکات، ئەمەش زیانی ڕاستەوخۆی بە خاوەن کێڵگەکان گەیاندووە.
5- کۆنتڕۆڵکردنی نرخی ئالیک و هێلکەی تروکاندن:
– ئالیک (عەلەف): 70%ـی تێچووی مریشک پێکدەهێنێت، کەچی بەبێ هیچ چاودێرییەک، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر گران بووە (تەنیا لە چوار ڕۆژدا تۆنێک، 100 هەزار دیناری چووەتە سەر).
– هێلکەی تروکاندن: چاودێریی ئاژەڵداری لەسەر نییە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی جوجکی نەخۆش و هەڵگری ڤایرۆسەکانی (Mycoplasma، Reovirus، Adenovirus).
6- ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان: نەخۆشییەکانی وەک IB و Gumboro زیانی گەورەیان بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاندووە و تائێستا هیچ پاڵپشتییەکی کوتان و ڤاکسینی گونجاو پێشکەشنەکراوە.
7- کەمکردنەوەی باج و تێچووی ئیداری: فەرزکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی پارەی سەرپەرشتیار، لەکاتێکدا سەرپەرشتیار پڕۆژەکان بەسەرنەکاتەوە، بارگرانییەکی نایاساییە؛ هەروەها گرانبوونی نرخی سووتەمەنی (گاز و بەنزین) تێچووی بەرهەمهێنانی بەرەو لوتکە بردووە.