وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت، بەشى زمانى کوردى لە زانکۆى دیراساتى بیانى لە پەکینى پایتەختى وڵاتى چین کرایەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هاوکاریی زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر، بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی دیراساتى بیانیى پەکین لە وڵاتی چین کرایەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم بەشی کوردی لە تەواوی وڵاتی چین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە پردێکی ئەکادیمی و کەلتووریی گرنگ دەبێت بۆ بەستنەوەی هەرێمی کوردستان و کۆماری میللیى چین، بەپێی پلانی ئەکادیمی بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2026-2027)؛ لە بەشەکەدا 12 خوێندکار ناویان تۆمارکراوە و ساڵانە لەنێوان 10 تا 20 خوێندکاری چینی لەم بەشە وەردەگیرێن.
ڕاشیگەیاند، خوێندکاران سێ ساڵی یەکەم زاراوەی سۆرانی دەخوێنن، لە ساڵی چوارەمیشدا زاراوەی کرمانجی دەخوێنن، بۆ ئەوەی دەرچووان لە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی، زانیارییەکی تەواویان هەبێت.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژانە، دروستکردنی پەیوەندییەکی دوولایەنەیە؛ واتە هەروەک خوێندکارانی کورد بۆ چین دەچن، پلانێکیش هەیە بۆ هێنانی ئەو خوێندکارە چینییانەی لە پەکین زمانی کوردی دەخوێنن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمیی کوردیدا بەشداری بکەن و تواناکانی زمانی خۆیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەرەپێبدەن.
دەشڵێت، بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین بە ئاستێکی بەرچاو لە وەرگرتنی خوێندکاردا گەشەی کردووە و ئێستا زیاتر لە (100) خوێندکاری هەیە؛ ئەم بەشە تا ئێستا دوو خولى دەرچوونى هەیە و خولى سێیەمیش بەم نزیکانە ئاهەنگى دەرچوون ئەنجامدەدەن.