وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەستیانکردووە بە ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئامادەبوونی دکتۆر دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بەڕێوەچوو.
ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان كرا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و دوایین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان؛ بڕیاردرا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان ئەنجامبدرێت، تاوەكو بتوانرێت خواستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لە بودجەی عێراق جێبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند مانگێکە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بە مەبەستی خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ مووچە و خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنان، لەگەڵ داواکردنی دامەزراندنی میلاکی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ و گەڕانەوەی شایستەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی داراییەوە، بۆیان خەرج نەکراوە.