لە سەرەتای ئەمساڵەوە جوڵەی چەکدارانی داعش لە نزیک بەغداد و ناوچە دابڕاوەکانی هەرێم بە ئاشکرا دەبینرێت، سایتێکی ئەمریکیش پێی وایە ناکۆکی سیاسی زیاتر گوڕ دەدات بە جوڵەی چەکدارەکان.
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سوریا ڕۆڵی ژنانی داعش زیاتر دەبینرێت لە چالاکی و جوڵەی ڕێکخراوەکەدا، بە هۆکاری ئەوەی ژنان کەمتر چاودێریان لەسەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و ناوناونیشانیان دیار نییە.
سایتی Antiwar ی ئەمریکی پێی وایە ئەم قۆناغە قۆناغی جوڵەی ژنانی داعشە و ڕێکخراوەکەش خۆی ژنان بەکار دەهێنێت بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و زانیاری لەناو شانە نوستووەکاندا.
سایتە ئەمریکییەکە پێی وایە بەهۆی ناکۆکی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغداد و نا هەماهەنگی هێزە سەربازییەکان کەشێکی لەباری ڕێکخستووە بۆ جوڵەی لایەنگرانی داعش بەتایبەت ژنانی داعش، چونکە وەک جاران هەماهەنگی نییە لە نێوان هەرێم و بەغداد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕێکخراوەکە.
بە هۆکاری ئەوەی زۆرینەی چەکدارەکانی داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ناسراونەتەوە و بەدوایاندا دەگەڕێن، جوڵەی ڕێکخراوەکە خراوەتە ئەستۆی ژنانی داعش و ئەوان لەم قۆناغەدا ڕۆڵ دەگێڕن.