بڕیاری لێخۆشبوونی هاوڵاتییان لە بڕەپارەیەک دەرچوو

رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی هاوڵاتییانی لە بڕەپارەیەک بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لەمساڵدا ژمارەیەک بڕیاری لێخۆشبوونی هاوڵاتییانی لە بڕێک پارە دەرکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکان لە تازەترین ژمارەی رۆژنامەی “وەقائیعی کوردستان” بڵاوکرانەوە؛ کە بڕیاری ژمارە (281)ـی ساڵی 2025ـی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە و تایبەتە بە لێخۆشبوونی بڕی پارەی ماوەی پێشینەی هاوسەرگیریی کوڕ و کچی شەهیدان.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەروەها بڕیاری ژمارە (282)ـی ساڵی 2025ـی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن، بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ. هەروەها رێنمایی ژمارە (2)ـی ساڵی 2025ـی وەزارەتی دارایی و ئابوری، تایبەت بە ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دادی ئەوەشی باسکردووە، ئەو بڕیارانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان سوودی لێوەربگرن و بڕە پارەیەکیان بۆ دەگەڕێتەوە کە دەبوو بیدەن و هەروەها بووەتە هۆکاری زووتەواوکردنی مامەڵەی ئەو فەرمانبەرانەی لەمساڵدا خانەنشین بوون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share