مەزڵوم عەبدی دانی نا بە ‌هەڵەکانی ترەمپدا

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ جاری یەکەم بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڵەی کردووە لەبارەی ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (شرق الاوسط) مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاندووە، “هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرپەرشتی جۆبایدن، کار بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە بکات کە ئیدارەی ترەمپ لە ناوچەکەدا کردوویەتی و زۆربەی ئەو سیاسەتانەشی کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ڕۆڵی ئەمریکا لە سوریا کردووە”.

یەکێک لەو هەڵانەی کە مەزڵوم عەبدی دەیخاتە ئەستۆی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە هەندێک ناوچە لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات، بە بڕوای عەبدی ئەوە تەنها داگیرکاری تورکیا و لاوازی ئەمریکای سەلماندووە.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، داوای لە ئیدارەی جۆ بایدن کرد  ستراتیژی نوێ بگرێتەبەر بۆ کاراکردنی ڕۆڵی ئەمریکا و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا.

عەبدی وتوشیەتی، “داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانی ڕەئس ئەلعەین و تەل عەبیعاد ڕۆلی هەبووە لە بووژانەوەی سەر لەنوێی داعش، لە ڕێی ئەو هەوڵانەی کە سوپای تورکیای دەیدات بۆ داگیركردنی ڕۆژهەڵاتی فورات”.

لەبارەی پەیوەندی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و پەکەکە مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاندووە، ” پەکەکە پارتێکی کوردییە و لەگەڵیاندا پەیوەندی برایانەمان هەیە، و هیچ پەیوەندییەكمان پێیانەوە نییە و ئێمە وەک هەسەدە لە بڕیارەکانماندا سەربەخۆین و ستراتیژییەکی ڕوونمان هەیە بۆ کارکردن لە سوریا، کە تەنها گۆڕەپانی کاری ئێمەیە، بەڵام ئێمە بیر و پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک کە ئۆجالان خستویەتیە ڕوو قبوڵمانە و بە ڕێگەیەکی دروستی دەزانین بۆ ئێستامان”.

ئەگەرچی لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، هاوکاریی سەربازی بۆ هەسەدە بەردەوام بوو، بەڵام پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا لە هاوکێشەی پشتگیری ڕۆژئاوا گەورەتربوو، بۆیە ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی نەبوو کاتێک تورکیا چەندین ناوچەی لە جێگە هەژموونی ئەودا لە سوریا داگیرکرد.

بابەتی پێشتر

لەسەر پشتگیری کورد تورکیا هێرشەکانی بۆسەر ماکرۆن دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

ناکۆکییەکانی بەغداد و هەرێم و جوڵەی ژنانی داعش

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share