ئەمشەو پێنجشەممە 4ی شوبات، حەشدی شەعبی چەكدارانی داعشی لە سنووری خانەقین تۆپبارانكرد.
بەگوێرەی زانیارییەكان، تۆپبارانەكە لەلایەن هێزەکانی لیوای 1ی حەشدی شەعبییەوە كراوە و چەكدارانی ڕێكخراوی داعشیان لە ناوچەی نەفتخانەی نزیك لە خانەقین پێكاوە. تا ئێستاش تۆپبارانەكە بەردەوامە و زانیاریی فەرمیی لەبارەی زیانی گیانییەوە ئاشكرانەكراوە، بەڵام بەهۆی تۆپبارانەكەوە ماتۆڕسکیلێکی داعشەكان تێکشکاێندراوە.
سێشەممەی ڕابردوو 2ی شوبات، لە ناوچەی نەفتخانە شەڕێكی قورس لەنێوان حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعش ڕویدا.
لەو شەڕەدا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكەوە، پێنج لە چەكدارانی حەشدی شەعبی كوژراون و شەشی دیكەشیان بریندار بوون.
ڕۆژی دواتر دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بە بەشداریی هێزەكانی لیوای یەك، چوار، 20، 23، 24، 110، 28 و فەوجی مغاویر و سەرجەم بەشەكانی فەرماندەیی حەشد لە دیالە، ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان لە دیالە دەستپێكردووە.
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردبوو كە مەبەستی ئۆپراسیۆنەكە، پاككردنەوەی ناوچەكەیە لە چەكدارانی داعش و سەقامگیركردنی ئاسایشی سنوورەكەیە.