یەکێک لەو چەکدارە سورییانەی بۆشەڕ براوەتە ئازەربایجان چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە

کارێکی ژیلا دەستماڵچی بۆ بەزۆرناردنی چەکدارەکان

ئەوە جاری یەکەم نییە تورکیا چەکدارەکانی هاوپەیمانیی خۆی بۆ یەکلاییکردنەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دەنێرێتە وڵاتانی دیکە، هۆکاری سەرەکیی ڕازی بوونی چەکدارەکانیش خراپی باری دارایی ئەو کەسانەیە کە لە پەراوێزی حکومەتی سوریادا دەژین.

دانیشتووانی پارێزگای حوما و حومس و ئیدلیب لە خاکی سوریادا لە پەراوێزی حکومەتی سوریادا دەژین و هیچ حکومەت و بەڕێوبەرایەتیی سەربەخۆیان نییە، بۆیە لەماوەی نۆ ساڵدا دانیشتووانی ئەو ناوچانە هێندە هەژارن بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە هەموو کارێک دەکەن.

عەبدوڵا یەکێکە لەو چەکدارانەی کە نێردراوە بۆ شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا و بۆ پشتگیریی ئازەربایجان، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، “من لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پێشنیازی ئەوەیان بۆ کردم مانگانە بە نزیکەی دوو هەزار دۆلار بچین بۆ شەڕێک، لە کاتێکدا من ئەوکاتە نەمدەزانی ئەو دوو وڵاتە بۆچی شەڕدەکەن و کێ لەسەر حەقە؟”.

عەبدوڵا دەڵێت، “بە منیان وت دەتنێرین بۆ یەکێک لە خاڵە سنورییەکان کە هیچ شەڕێکی تێدا نییە و جێگەی ئەو سەربازانە دەگریتەوە کە دەچن بۆ شەڕ، لە کاتێکدا ئێمە هیچ ڕاهێنانێکی سەربازییمان نەبینی بوو”.

بۆچی چەکدارەکان ناچار دەبن بچن بۆ شەڕ؟
عەبدوڵا وەک هەموو سورییەکانی دیکەی ئەو ناوچانە لە جەنگ بێزارە و بەناچاری دەبێت بچێت بۆ شەڕ، چونکە 81%ی ئەو گەنجانەی ناوچەکە لە ڕاپرسییەکدا بەشداریان کردووە و دەنگیانداوە بەو ئۆپشنەی کە هەژارن و مانگانە 50 دۆلاریان دەستناکەوێت.

عەبدوڵا دەڵێت، چونکە هەستم دەکرد مەترسی لەسەر ژیانم نییە ناچاربووم بەهۆی ئەوەی مانگانە 2 هەزار دۆلار وەربگرم قبوڵی بکەم و بچم بۆ بەرەکانی شەڕ.

“من و هاوشێوەکانی وەک منیان کۆکردەوە و لە گوندی حوار کلس دایاناین، ئۆپۆزسیۆنی سوری سەرپەرشتیی هەڵمەتی کۆکردنەوەکەی دەکرد و هەموو تەلەفۆن و ناسنامەکەیانیان لێسەندین تا کەس نەزانێت چۆن و لەکوێوە ڕۆشتووین”، عەبدوڵا وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “دواتر لە خاکی سوریاوە ئێمەیان گواستەوە بۆ فڕۆکەخانەی غازی عەنتاب و لەوێوە بۆ ئیستەنبوڵ، لەوێشەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ئازەربایجانی گواستینیانەوە بۆ ئازەربایجان و لەوێوەشەوە بۆ نزیکی شەڕ”.

ئێمە نەمان دەزانی دوژمن لەکوێیە!
ڕۆژی یەکشەممە 27ی ئەیلول، نزیکەی هەفتەیەک بوو عەبدوڵا و هاوڕێکانی براونەتە ئازەربایجان، عەبدوڵا دەڵێت، کە ئەوان گەیشتنە ناوچەکە لەنزیک سنوور سەربازەکانی ئازەربایجان ڕۆشتن بۆ بەرەی پێشەوەی شەڕ.

سەربازە سورییەكە دەڵێت، “ئێمە نەماندەزانی دوژمن لەکوێیە و شەڕەکە لەکوێیە، تەنها کلاشنکۆفێکیان پێداین و بێ هیچ ڕاهێنانێک ئێمەیان لەوێ جێهێشت”.

وتیشی، تەنها چەند ڕۆژێک ناوچەکەی ئێمە ئارام بوو دواتر تۆپباران دەستیپێکرد و چوار سوری کوشت و سێ سوری دیکەی بریندار کرد.

ئەو چەکدارە سورییە ئاشکرای دەکات، جگە لە کوژرانی ئەو چوار سورییە پێشتر 70 سوری دیکە بریندار بوبوون.

بابەتی پێشتر

ئایا خامنەیی 'جامی ژەهر' بۆ ڕزگاركردنی تاران دەنۆشێت؟

بابەتی دواتر

زانکۆی هەڵەبجە شێوازی دەستپێکردنەوەی دەوامی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share