سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران پێی وایە تەواوبوونی ڕێگەی ئاسنی نێوان هەمەدان و سنە، کاریگەری تەواوی بازرگانی دەبێت لە نێوان پارێزگای سنە و پارێزگای سلێمانیدا.
محەمەد باقر نەوبەخت، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، “دەمانەوێت پێش تەواوبوونی وادەی کابینەکەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران، ڕێگەی ئاسنی نێوان هەمەدان و سنە تەواوبێت، ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گواستنەوەی بازرگانی بۆ پارێزگای سنە”.
ئەو بەرپرسەی ئێران پێی وایە، لەگەڵ تەواوبوونی ڕێگەکەدا قەبارەی بازرگانی نێوان سنە و پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان گەورەتردەبێت و ئاسانکاری تەواو دەبێت بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان ئەو دوو پارێزگایەدا.
دروستکردنی ڕێگەی ئاسنی نێوان تاران بۆ هەمەدان و لەوێشەوە بۆ سنە، لە ساڵی ڕابردوودا دەستی پێکردووە و لە پارێزگای سنە ڕێگەکە دوو وێستگەی دەبێت، واتە شەمەندەفەرەکە لە هەردوو شارۆچکەی کوردنیشین قروە و دێگولان دەوەستێت و سەرنشین هەڵدەگرێت یان دادەبەزێنێت.
ڕێگەکە لە سێ شوێنەوە دەست بە دروستکردنی کراوە بە وتەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە نزیکەی لە ٪20 ی پڕۆژەکە تەواو بووە.