چۆن ڕێگری لە وشکەساڵی و بە بیابانبوون دەکرێت؟

ئەمڕۆ 17ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشكه‌ساڵییە.

ئەمڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراوە و ساڵانە چەندین چالاکیی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا ڕێکدەخرێن، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون و وشکەساڵی چەندین ڕێکاری پێویست دەگیرێنەبەر.

لەو بارەیەوە بیلال حەسەن، پارێزەری ژینگە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەمێژەوە بەبیابانبوون لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دیکە هەبووە و بەم داییانەش وشکەساڵی زۆرێک لەوڵاتانی گرتووەتەوە بەتایبەت وڵاتی عێراق و باشووری کوردستانیش، کە ڕێژەکە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕووی لە زیادبوونە.

بە بڕوای ئەو پارێزەرەی ژینگە، “ئەو ئامێرانەی  بۆ بیرهەڵکەندن دانراون زیانی گەورە بە ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنن ئەمەش وادەکات کە سامانی ئاوی ژێر زەوی لەناوبچێت و بەرەو وشکبوون بچێت”.

لەبارەی چارەسەرەکان و هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان، ئەو پارێزەرەی ژینگە، دەڵێت، گرنگیدان بە ئاوی بەنداوەکان و گلدانەوەیان بۆ کاتی پێویست، لەگەڵ ئەوەشدا دروستکردنی بەنداوی زیاتر، لەگەڵ هەبوونی پۆند کە وەک بەنداوێکی بچووک سودی لێ دەبینرێت و سودی بۆ ناوچەکان دەبێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی گرنگن.

دەشڵێت، لایەنی پەیوەندیدار پێویستە ڕێگری لەو  کەسانە بکات کە  بە نایاسایی بیر هەڵدەکەنن، چونکە ئەو کارە زیان بە ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنێت.

بیلال حەسەن، ئەوەش دەڵێت، پێویستە هاوڵاتییان ڕێز لە سامانی ئاو بگرن و بەفیڕۆی نەدەن تەنیا لە کاتی پێویست بەکاریبهێن .

دیاردەی بەبیابانبون دابەش دەبێت بەسەر چەند خاڵێکدا:

1- بەبیابانبوونی کەم: ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە توێژاڵی ڕووەکی چینی سەرەوەی زەوییە و زۆر بەکەمی بەر کاریگەرییەکانی مرۆڤ کەوتووە و ئەو ناوچانە لەبنەڕەتدا خۆیان بوون بە بیابان بەهۆی کەشی سروشتی ناوچەکەوە.

2- بەبیابانبوونی مامناوەند: لەبەر کەموکوڕیی توێژاڵە ڕووەکییەکان لەگەڵ بوونی داماڵینی خاک بەهۆی باو ئاوەوە کە بووەتە هۆی دەرکەوتنی بەردی لمین و زیادبوونی سوێری.

3- بەبیابانبوونی زۆر : لەمجۆرەدا گۆڕانکاری بەسەر جۆری ڕووەکەکاندا دێت کە ڕووەکی زیانبەخش دەڕوێن و زیان بە ئاژەڵ دەگەیەنن، هەرەها ڕاماڵین و داڕمانی خاک بەهۆی گێژەڵوکە و گەردەلولەوە دەبێتەهۆی کەم و کوڕی لە چینی ڕووەکی بەڕێژەی %50 سوێرێتیی خاک زیاددەکات.

4ـ بەبیابانبوونی زۆر بەتین: لەم حاڵەتانەدا دەگۆڕێت بۆ تەپۆلکە لمین و توێژاڵی خوێیاوی پێک دێنێت، خاک دەپەسێورێت و هەوای تیدا نامێنێت و ئەم بە بیابانبوونە بەهیچ جۆرێک چارەسەر ناکرێت مەگەر ڕووبەرێکی سنوردار و بە تێچوویەکی زۆری ئابوری.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share