عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق لە بەغداد کۆبوونەوە و جەختیان لە پابەندبوونی هەردوولا بە هاوبەشیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە، تۆم باراک بانگهێشتنامەی دۆناڵد ترەمپی گەیاند بۆ میوانداریکردنی عەلی زەیدی لە کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو.
هاوکات باسی لەوەشکردووە، هەردوولا باسیان لە دیدگای هاوبەش و ویستی حکومەتی عێراق بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە تـ.ـیرۆر کرد. پلانی نوێی حکومەتی عێراق بۆ داماڵینی چـ.ـەک لە دەست گرووپەکان و هەڵوەشاندنەوەیان خرایەڕوو. کە ئامانج لێی سنوورداکردنی چـ.ـەکە لە دەستی دەوڵەتدا بە جۆرێک عێراق لە ململانێکان دووربخرێنەوە و خاکی عێراق نەبێتە مایەی هەڕەشە لە ئاشتی ناوچەکە.
ئەوەش هاتووە، سەرۆکوەزیران پابەندبوونی عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان بەغداد و واشنتن دووپاتکردەوە، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک دەستخۆشییان لە عێراق کرد بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە کۆمپانیاکانی ستارلیک و شیڤرۆن، لەگەڵ ڕێگەدان بە کۆمپانیاکانی HNK، Western Zagros و HYnt بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لەگەڵ دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی و یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ (TI Capital) بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکووک-بانیاس.
سەرۆکوەزیران و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ فراوانکردنی هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دووپاتکردەوە. لەوانە پڕۆژەی کۆمپانیای (Excelerate Energy) بۆ پەرەپێدانی وێستگەی هاوردەکردنی غازی سروشتی شل(LNG) لە ناوچەی ”خور ئەلزوبەیر” کە دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.