هەڵۆ قادر جەباری: ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت بەڵام بە مەرج

هەڵۆ قادر جەباری ڕایدەگەیەنێت، بەغداد ڕازییە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە کەمتر لە 50 ملیار دیناریش وەک داهاتی ناوخۆ بنێرێت.

هەڵۆ قادر جەباری، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق لە پرسی مووچەدا نیازپاکییەکی زۆرباشی نیشانداوە، ئەوان بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە، کە ئەگەر لە 120 ملیار دینارەکە 50 ملیار دینار یان کەمتریش ڕەوانەی بەغداد بکرێت، ئەوان هەر ڕازین و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.

وتیشی، دەبێت لەم قۆناغەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ناردنی داهاتی ناوخۆ، تاوەکو گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆران دروستنەبێت، ئێمەش وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام لە هەوڵداین کە هەماهەنگییەکی باش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دروستبکەین تاوەکو ئەو کێشانەی ماون چارەسەربکرێت، چونکە هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ لە بەغداد دەریخست یەکێتی ڕۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی پرسەکاندا هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share